کۆریای باکوور "پێشکەوتووترین" چەکی تاقیکردەوە

05-01-2026
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆریای باکوور بە فەرمی تاقیکردنەوەی مووشەکی هایپەرسۆنیکی راگەیاند، یەکێکە لە چەکە پێشکەوتووەکانی و دەتوانێت پێنج هێندەی خێرایی دەنگ بڕوات. تاقیکردنەوەکە بە چاودێریی راستەوخۆی کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی وڵاتەکە و چەند کاژێرێک بەر لە لووتکەی سەرۆکانی چین و کۆریای باشوور کرا.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکوور (KCNA) بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئوون، راستەوخۆ سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەیەکی مووشەکیی کردووە کە ئامانج لێی "پشکنینی ئامادەیی یەکە سەربازییەکان و بەرزکردنەوەی توانای بەرپەرچدانەوە بووە."
 
ئەم تاقیکردنەوەیە کە رۆژی یەکشەممە کراوە، تەنیا چەند کاژێرێک پێش ئەوە بوو کە لی جای میونگ، سەرۆکی کۆریای باشوور بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین بەرەو پەکین بەڕێبکەوێت.
 
کۆریای باشوور و ژاپۆن سەرکۆنەی تاقیکردنەوەکەیان کردووە و بە "کاری وروژێنەر و پێشێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش" ناویان بردووە.
 
پێشبینی دەکرێت لە لووتکەی نێوان چین و کۆریای باشووردا، پرسی ئەتۆمیی پیۆنگیانگ تەوەرێکی سەرەکی بێت و سیئۆل داوای "رۆڵی بنیاتنەر" لە چین دەکات.
 
کیم جۆنگ ئوون ئەنجامی تاقیکردنەوەکەی بە "ئەرکێکی تەکنەلۆژیی زۆر گرنگ بۆ بەرگریی نیشتمانی" وەسف کرد.
 
مووشەکی هایپەرسۆنیک تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە خێراییەکەی پێنج هێندەی خێرایی دەنگە و دەتوانێت ئاراستەکەی بگۆڕێت.
 
سەرەڕای بانگەشەی پیۆنگیانگ، بەشێک لە شارەزایانی بیانی گومانیان هەیە لەوەی ئەو مووشەکانە بە کردەیی گەیشتبنە ئەو خێراییە و توانای مانۆڕکردنیان هەبێت.
 
لە چەند هەفتەی رابردوودا کۆریای باکوور زنجیرەیەک چەکی وەک (مووشەکی ستراتیژیی کروزی دوورمەودا و دژە ئاسمانی) نمایش کردووە.
 
چاودێران پێیانوایە، ئەم نمایشە سەربازییانە پەیوەستن بە کۆنگرەی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار کە یەکەم کۆنگرەیە لە ماوەی پێنج ساڵدا دەبەسترێت و چاوەڕێ دەکرێت تێیدا سیاسەتی داهاتووی وڵاتەکە بەرامبەر ئەمریکا و پرسی چەکداماڵین دیاری بکرێت.
 
سەرنجێکی زۆر لەسەر ئەوەیە کە ئایا کیم کۆنگرەکە بۆ دانانی رێبازێکی نوێ لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ماوەیەکی زۆرە وەستاون لەسەر چەکداماڵینی ئەتۆمی، بەکاردەهێنێت یان نا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

کۆشکی سپی: ترەمپ بژاردەی سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی گرینلاند تاوتوێ دەکات

کۆشکی سپی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی چەند بژاردەیەک دەکات، لەنێویاندا کردەی سەربازیی بۆ کۆنترۆڵکردنی گرینلاند؛ ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و دانیمارکیش هۆشداریی دەدات کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیی ناتۆ