جیهان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەیری کاتی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دەکات. وێنە: هەژماری فەرمیی سۆشیاڵ ترووسی دۆناڵد ترەمپ
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، جڵەوی ڤەنزوێلا لە دەستی ئەمریکادایە و واشنتن بەڕێوەیدەبات، بەڵام لە هەمان کاتدا مامەڵە لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی کاراکاس دەکات. هاوکات، دێلسی رۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا رایگەیاند، ئامادەیە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ کاربکات و داوای پەیوەندییەکی "هاوسەنگ و رێزلێگیراو"ی لە سەرۆکی ئەمریکا کرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رووبەڕووی پرسیاری زۆر بووەتەوە سەبارەت بەو لێدوانانەی بەردەوام دووبارەیان دەکاتەوە و دەڵێت، واشنتن ئێستا ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبات، ئەوەش دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا دێت کە بەرەبەیانی رۆژی شەممە مادورۆ و هاوژینەکەی دەستگیرکران و گوێزرانەوە ئەمریکا.
بڕیارە رۆژی دووشەممە مادورۆ ببردرێتە دادگایەکی نیویۆرک، بۆئەوەی رووبەڕووی تۆمەتەکانی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان ببێتەوە.
درەنگانی شەوی یەکشەممە بە کاتی ئەمریکا و بەرەبەیانی دووشەممە بەکاتی هەولێر، کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا قسەی لەگەڵ رۆدریگێز کردووە، ترەمپ لەنێو فڕۆکەی "ئێیەر فۆرس وەن" بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین کە تازە سوێندی یاساییان خواردووە. لێم مەپرسن کێ دەسەڵاتدارە، چونکە وەڵامێکی زۆر مشتومڕهێنتان دەدەمەوە."
کاتێک لێی پرسرایەوە، مەبەستی لەو قسەیە چییە؟ ترەمپ گوتی، "ئێمە دەسەڵاتدارین."
ئیدارەی ترەمپ دەڵێت، ئامادەیە لەگەڵ پاشماوەی حکومەتەکەی مادورۆ کار بکات، بەو مەرجەی ئامانجەکانی واشنتن بەدیبێن، بەتایبەتی کردنەوەی دەرگا بەڕووی وەبەرهێنانی ئەمریکا لە یەدەگە زەبەلاحەکەی نەوتی خاوی ڤەنزوێلادا.
سەبارەت بەوەی ئایا ئۆپەراسیۆنەکە لەپێناو نەوت بووە یان گۆڕینی دەسەڵات، ترەمپ گوتی: "لەپێناو ئاشتییە لەسەر زەوی."
"وڵاتێکی وێران"
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە هەڵبژاردنەکان لە ڤەنزوێلا تا کاتێکی دیکە چاوەڕێ بکەن؛ گوتیشی: "ئێمە ڤەنزوێلا بەڕێوەی دەبەین و چاکی دەکەینەوە، لە کاتی گونجاودا هەڵبژاردن دەکەین، بەڵام شتە سەرەکییەکە ئەوەیە کە دەبێت چاکی بکەیتەوە، چونکە وڵاتێکی وێرانە."
هاوتەریب لەگەڵ تۆنی سەرکەوتنەکەی، ترەمپ قسەی تووندی ئاراستەی نەیارەکانی دیکەی ئەمریکا کرد و گوتی، سەرۆکی کۆلۆمبیا "بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام نابێت"، کوبای ژێر دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکان "ئامادەیە بۆ رووخان" و سەرکردایەتیی ئێرانیش "زۆر بە تووندی لێیان دەدرێت" ئەگەر خۆپێشاندەران بکوژرێن.
پێشتر ترەمپ هەڕەشەی کردبوو کە رۆدریگێز "باجێکی گەورە" دەدات ئەگەر هاوکاریی ئەمریکا نەکات.
ئیدمۆندۆ گۆنزالێز ئوروتیا، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی ڤەنزوێلا لە پۆستێکی ئینستاگرامدا لە ئیسپانیاوە، دەستگیرکردنی مادورۆی بە "هەنگاوێکی گرنگ" ناوبرد، بەڵام گوتی بەس نییە بۆ ئەوەی دۆخی ئەو وڵاتە قەیراناوییە ئاسایی بێتەوە.
گۆنزالێز ئوروتیا داوای کرد ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 2024 پەسند بکرێن کە پێیوایە خۆی بردوونیەتەوە، هەروەها داوای کرد تەواوی زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن بۆ مسۆگەرکردنی "گواستنەوەیەکی دیموکراسییانە"ی دەسەڵات.
هاووڵاتیانی ڤەنزوێلا خۆیان بۆ ئەنجامە سیاسییەکانی ئەو هێرشە ئامادە دەکەن کە تێیدا هێزی دێلتای ئەمریکا بە هێلیکۆپتەر و بە پشتیوانیی فڕۆکەی جەنگی و هێزی دەریایی دابەزینە خوارەوە بۆ دەستگیرکردنی مادورۆ.
دانیشتووان بۆ کڕینی خۆراک لە فرۆشگەکان ریز دەگرن و ئەو پۆلیسە چەکدار و دەمامکدارانەی رۆژی پێشتر دەبینران، دیار نەماون. هەرچەندە نزیکەی دوو هەزار لایەنگری مادورۆ، کە بەشێکیان چەکدار بوون و بە ماتۆڕسکیل دەسووڕانەوە، رۆژی یەکشەممە لە کاراکاس گردبوونەوە.
سوپای ڤەنزوێلا رایگەیاند کە وەک سەرۆکی کاربەڕێکەر دان بە رۆدریگێزدا دەنێت کە پێشتر جێگری مادورۆ بوو. سوپا هەروەها داوای ئارامی کرد.
نەخۆشخانەکانی ڤەنزوێلا ئامادە نین ژمارەی کوژراو و بریندارانی هێرشەکان ئاشکرا بکەن.
گرووپێکی پزیشکی بە فرانس پرێسیان گوتووە، نزیکەی 70 کەس کوژراون و 90 کەسیش بریندارن. سەرچاوەیەکی سەربازییش کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێ، باسی لە کوژرانی لانیکەم 15 کەس کردووە.
بەڵام هاڤانا دەڵێ، 32 کوبایی لە هێرشەکەی ئەمریکادا کوژراون. ترەمپیش گوتی "ژمارەیەکی زۆر" لە پاسەوانە ئەمنییە کوبییەکانی مادورۆ کوژراون.
کێ ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبات؟
سەرەڕای سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنە سەرەتاییەکەی ئەمریکا، پرسیارەکان لەبارەی ستراتیجیی ترەمپ بۆ ڤەنزوێلا زیادیان کردووە.
رۆژی شەممە ترەمپ گوتی، ئەمریکا ئەو وڵاتەی ئەمریکای باشوور "بەڕێوەدەبات" کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 30 ملیۆن کەسە.
بەڵام مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە جەختی کردەوە کە واشنتن بەدوای گۆڕینی تەواوەتیی دەسەڵات یان هەڵبژاردندا نییە.
روبیۆ بە تۆڕی ئێن بی سی گوت، ئەمریکا شەڕی قاچاخچییانی مادەی هۆشبەر دەکات، نەک "شەڕ دژی ڤەنزوێلا".
سەرەڕای ئەوەش، ئاماژەی بەوە کرد کە هێزێکی زۆری دەریایی ئەمریکا لە دەریای کاریبی دەمێننەوە بۆ سەپاندنی گەمارۆ لەسەر هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا وەکو "کارتی گوشارێکی گەورە".
ترەمپ روونی کردووەتەوە کە واشنتن بەنیازە لە ڤەنزوێلا خاوەن بڕیاری سەرەکی بێت، بەتایبەتی بۆ ئەوەی دەستی بە یەدەگی نەوتی وڵاتەکە بگات، کە گەورەترینی جیهانە.
مادورۆ کە خۆی بە سۆسیالیست دەناساند، زیاتر لە دەیەیەک بە مشتێکی ئاسنین حوکمڕانیی ڤەنزوێلای کرد لە رێگەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ