رووداو دیجیتاڵ
نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی لەکارلادراوی ڤەنزوێلا و هاوژینەکەی دوای دەستگیرکردنیان لەلایەن هێزە تایبەتەکانی ئەمریکاوە، گەیێندرانە نیویۆرک و رووبەڕووی تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەبنەوە. دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، بەرپرسیارێتی ڤەنزوێلا لە ئەستۆ دەگرن و دەیانەوێت دەستیان بە نەوتی ئەو وڵاتە بگات.
رۆژی دووشەممە لەژێر رێوشوێنێکی ئەمنیی توونددا و بە کاروانێکی ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، مادورۆی تەمەن 63 ساڵ گەیێندرایە باڵەخانەی دادگەی فیدراڵی لە نیویۆرک.
مادورۆ و سیلا فلۆرێسی هاوژینی، کە چەندین ساڵە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە داواکراون، رووبەڕووی زنجیرەیەک تۆمەتی قورس دەبنەوە دیارترینیان "بازرگانیکردنی نێودەوڵەتی و تیرۆری مادە هۆشبەرەکانە".
رۆژی شەممە لە ئۆپەراسیۆنێکدا هێزی کۆماندۆی ئەمریکا بە پشتیوانیی هێزی دەریایی و ئاسمانی، هەڵیکوتایە سەر کۆشکی سەرۆکایەتیی (میرافلۆرێس) لە کاراکاس و مادورۆ دەستگیرکرا.
ڤلادیمیر پادرینۆ، وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلا رایگەیاند، لە کاتی بەرگریکردندا بەشێکی زۆر لە پاسەوانە تایبەتەکانی مادورۆ و ژمارەیەک خەڵکی سڤیل کوژراون.
هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی قوربانییانی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە ڤەنزوێلا رانەگەیێندراوە، بەڵام ڤلادیمیر پادرینۆ لۆپێز، وەزیری بەرگری رایگەیاند کە "بەشێکی زۆر" لە تیمی ئاسایشی نزیک لە مادورۆ" لەکاتی بەرگریکردندا کوژراون، هەروەها ژمارەیەک کارمەندی سەربازی و خەڵکی سڤیلیش بوونەتە قوربانی.
هاوکات حکومەتی کوبا لە هاڤانا رایگەیاندووە، 32 هاووڵاتیی کوبایی کە زۆربەیان راوێژکاری سەربازی بوون، لەو هێرشەدا کوژراون. ترەمپ گوتی، "پێموانییە پێویستمان بە گرتنەبەری هیچ هەنگاوێکی زیادە بێت دژی کوبا. وادەردەکەوێت کە سیستەمەکەیان بەرەو رووخان دەچێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند، ئەمریکا ئێستا "بەرپرسیارێتی" ئەو وڵاتەی لەئەستۆیە و پێشبینی دەکات دوای مادورۆ، حکومەتی کوباش بڕووخێت.
سەبارەت بە داواکارییان لە حکومەتی نوێی ڤەنزوێلا، ترەمپ بە راشکاوی گوتی: "پێویستمان بە دەستڕاگەیشتنی تەواوەتییە بۆ نەوت و سامانەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، ئەمەش رێگەمان پێدەدات یارمەتییان بدەین لە ئاوەدانکردنەوەدا."
ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی سەلمێندراوی نەوتی خاوی جیهانە. خستنەبازاڕی نەوتی زیاتری ڤەنزوێلا دەتوانێت نیگەرانییەکان لەبارەی زۆریی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا زیاتر بکات و گوشارێکی زیاتر بخاتە سەر نرخەکان، کە لەم دواییەدا ناجێگیر بوون.
بەڵام شیکارکارانی بواری وزە دەڵێن، لەگەڵ بوونی پرسیارە گەورەکانی دیکە سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی ئەو وڵاتە، بەرزکردنەوەی بەرچاوی بەرهەمی نەوتەکەی پرۆسەیەکی ئاسان، خێرا یان هەرزان نابێت، چونکە کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا پێویستی بە وەبەرهێنانێکی زۆر و چاکسازیی بنەڕەتی هەیە.
دێلسی رۆدریگێز، جێگری سەرۆک کە ئێستا وەک سەرۆکی کاتی دەستبەکاربووە، لە هەڵوێستە تووندەکانی پێشووی پاشەکشەی کردووە و "داوەتنامەی کراوە"ی ئاراستەی ئیدارەی ترەمپ کردووە بۆ کارکردن پێکەوە. سوپای ڤەنزوێلاش پشتیوانی خۆی بۆ رۆدریگێز وەک سەرۆکی کاتی دەربڕیوە. دێلسی رۆدریگێز پێشتر وەزیری دەرەوە بوو
لە کاراکاسی پایتەخت نزیکەی دوو هەزار لایەنگری مادورۆ خۆپێشاندانیان کرد و بە گوتنەوەی دروشمی دژ بە ئەمریکا و بەرزکردنەوەی ئاڵای ڤەنزوێلا، سەرکۆنەی دەستوەردانەکەیان کرد و داوای ئازادکردنی مادورۆیان دەکرد.
لە بەرامبەردا ئێدمۆندۆ گۆنزالێز، بەربژێری سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن رایگەیاند، لابردنی مادورۆ هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام بەبێ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و داننان بە سەرکەوتنی ئۆپۆزیسیۆن لە هەڵبژاردنەکان، پرۆسەکە "بەش ناکات".
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، لەسەر داوای ڤەنزوێلا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر رووداوەکە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ