رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی دۆخی سووریا و رۆڵی کورد لەو وڵاتە رایگەیاند، دەبێت ئاییندە و چارەنووسی سووریا لە لایەن گەلی سووریاوە بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەوانیش لە پلانی بەرەوپێشبردنی وڵاتەکە پشتیوانی دەکەن.
رۆژی چوارشەممە 05-02-2025 لین جیێن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وەڵامی سێ پرسیاری رووداوی لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ عێراق، سووریا و قەبارەی بازرگانییان لەگەڵ دیمەشق دایەوە و گوتی، "چین ئامادەیە" رێگەی گەشەپێدانی عێراق بە "دەستپێشخەریی پشتوێن و رێگە" ببەستێتەوە.
لەبارەی قەبارەی بازرگانیی نێوان وڵاتەکەی و سووریا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاشکرای کرد، "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانمان لە ساڵی 2024 ا 389 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە،" بەڵام هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەوە نەدا کە ئایا ئەو پەیوەندییە لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە یان نا.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچوونی چین چییە لەسەر مافی نەتەوەکان، لەنێویاندا مافی کورد لە سووریا؟ لین جیێن گوتی، "دەبێت ئاییندە و چارەنووسی سووریا لەلایەن گەلی سووریاوە بڕیاری لەسەر بدرێت، ئێمە پشتیوانیی سووریا دەکەین لە پێشخستنی پرۆسەی سیاسیی ناوخۆی وڵاتەکەی بەپێی پرەنسیپی سەرکردایەتیی سووریا و خاوەندارێتیی وڵاتەکە."
هەروەها باسی پاڵپشتیی سووریای کرد بۆ قۆناخی داهاتوو لە رێگەی "دۆزینەوەی پلانی ئاوەدانکردنەوەی نیشتمانی، کە لەگەڵ خواستی گەلدا بگونجێت،" ئەوەش لە رێگەی گفتوگۆی گشتگیرەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی بەستنەوەی "رێگەی گەشەپێدانی عێراق" بە دەستپێشخەریی پشتوێن و رێگە، رایگەیاند، "عێراق هاوبەشێکی گرنگی چینە لە دروستکردنی هاوبەشیی (پشتێن و رێگە). چین ئامادەیە هەوڵەکانی (پشتێن و رێگە) بەهێزتر بکات و لەگەڵ پلانی رێگەی گەشەپێدانی عێراق گرێی بدات."
بەپێی قسەکانی گوتەبێژەکە، چین ئامادەیە "هاوکارییە کردەییەکانی نێوان چین و عێراق بەرەوپێش ببات."
پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی عێراق درێژییەکەى هەزار و 200 کیلۆمەترە، تێچووەکەی 17 ملیار دۆلارە، 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت.
کارەکانی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان بەسەر 15 بەش و سێ قۆناخ تەواو دەبێت؛ بڕیارە قۆناخی یەکەمی ساڵی 2028 تەواو بێت؛ قۆناخی دووەم 2038 و قۆناخی کۆتایی ساڵی 2050.
دەستپێشخەری پشتێنە و ئاوریشم کە بە رێگەی ئاوریشمی نوێش ناسراوە، ستراتیژییەکی گەشەپێدانی جیهانییە و ساڵی 2013 لەلایەن چینەوە راگەیێندراوە. ئامانج لێی بەستنەوەی رێگەی بازرگانی نێوان ئاسیا، ئەفریقا و ئەورووپایە.
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی لین جیێن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین:
رووداو: ئایا رێگەی گەشەپێدانی عێراق بەشێک دەبێت لە چوارچێوەی پڕۆژەی "پشتێن و رێگە"ی چین، یان هیچ کاریگەریی لەسەر پرۆژەکەی ئێوە دەبێت؟ قەبارەی بازرگانیتان لەگەڵ سووریا لە چ ئاستێكدایە؟ هیچ گۆڕانکاری روویداوە لەدوای 8ی کانوونی یەکەمی 2024ەوە؟ بۆچوونی چین چییە لەسەر مافی نەتەوەکان، لەنێویاندا مافی کورد لە سووریا؟
لین جیێن: عێراق هاوبەشێکی گرنگی چینە لە بنیاتنانی هاوبەشی "دەستپێشخەریی پشتێن و رێگە." چین ئامادەیە دەستپێشخەریی پشتێن و رێگە بەهێزتر بکات و، بیبەستێتەوە بە پلانی "رێگەی گەشەپێدانی عێراق" بۆ بەرەوپێشبردنی پێشکەوتنی نوێ لە هاوکاریی کردەیی نێوان چین و عێراق.
سەبارەت بە پرسیاری دووەم، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان چین و سووریا لە ساڵی 2024دا 389 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە، سەبارەت بە پرسی تایبەتی گۆڕانکارییەکانی قەبارەی بازرگانی کە باست کرد، پێشنیاز دەکەم بۆ زانیاریی زیاتر پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیداری چینەوە بکەیت.
سەبارەت بە پرسیاری سێیەم، دەبێت ئاییندە و چارەنووسی سووریا لەلایەن گەلی سووریاوە بڕیاری لەسەر بدرێت، ئێمە پشتیوانیی سووریا دەکەین لە پێشخستنی پرۆسەی سیاسیی ناوخۆی وڵاتەکەی بەپێی پرەنسیپی سەرکردایەتیی سووریا و خاوەندارێتیی سووریا، هەروەها لە دۆزینەوەی پلانی ئاوەدانکردنەوەی نیشتمانی، کە لەگەڵ ئیرادەی گەلدا بگونجێت لەڕێگەی گفتوگۆی گشتگیرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ