چی دەزانین لەبارەی گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عومان؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد تەڵعەت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێران و ئەمریکا رۆژی هەینی لە عوممان کۆدەبنەوە، نوێترین گفتوگۆی هەردوولایە لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی پاش جەنگی 12 رۆژەی ئیسرائیل و ئێران  لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو، هەروەها پاش شەپۆلی خۆپێشاندانی ئێران لە چلەی نێوان کۆتایی ساڵی رابردوو و مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ.
 
دۆناڵد ترەمپ لە بۆنەی جیاوازدا بەردەوامە لە گوشارخستنە سەر ئێران، هۆشداریشی داوەتێ کە لەسەر ' سەرکوتکردن و کوشتنی خۆپێشاندەران' هێرشدەکاتە سەر ئێران، هاوکات لەگەڵ ئەوەش ترەمپ گفتوگۆی پرسی ئەتۆمی هێنایەوە بەرباس پاش ئەوەی هێرشەکەی حوزەیرانی رابردوو پێنج گەڕی گفتوگۆی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوای پەکخست.
 
 ترەمپ ساڵی رابردوو لەگەڵ دەستبەکاربوونی دەستی بە سیاسەتەکانی بەرامبەر ئێران کرد و نامەی بۆ عەلی خامنەیی رێبەرە تەمەن 86 ساڵییەکەی ئێران نارد بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ، خامنەیی هەفتەی رابردوو هۆشداریدایە ئەمریکا هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران بە هەمان شێوەی خۆی وەڵامدەدرێتەوە، ئەوەی تاوەکو ئێستا دەیزانین لەبارەی کێشەکانی ئێران و ئەمریکا ئەوانەن: 
 
نامەی ترەمپ بۆ خامنەیی
 
رۆژی 5ـی ئاداری 2025 ترەمپ نامەیەکی بۆ خامنەیی نارد، رۆژی دواتر لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی:" نامەیەکم بۆ ناردوون و گوتومە، هیواخوازم دەست بە دانوستاندن بکەن، چونکە ئەگەر بچینە سەر بژاردەی سەربازی، زۆر شتێكی ناخۆش دەبێ.''
 
لەماوەی یەک ساڵی رابردوو لەوەتەی ترەمپ بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، هەم داوای گفتوگۆ دەکات، هەم سزا و بژاردەی سەربازیشی لەسەر مێز داناوە.
 
نامەی یەکەمی ترەمپ بۆ خامنەیی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا عەلی خامنەیی تووڕە کرد، پێچەوانەی سەرکردەکانی دیکە، بۆ نموونە نامەی ترەمپ بۆ کیم جۆنگ ئونی رێبەری کۆریای باکوور لە خولی یەکەمی ترەمپدا، ئەنجامەکەی کۆبوونەوەی رووبەڕووی هەردوولا بوو، بەڵام ئەو کۆبوونەوەیە نەبووە هۆی سنووردارکردنی توانا ئەتۆمی و مووشەکییەکانی پیۆنگ یانگ.
 
گفتوگۆکانی پێشتر لە مەسقەتی عوممان
 
میرنشینی عوممان لە کەناری نیمچەدوورگەی عەرەبی، چەندین ساڵە شوێنی کۆبوونەوەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بووە، رۆژی هەینیش دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەردووکیان پێشتر یەکدیان بینیوە پاش چەندین ساڵ لە گفتوگۆی ناراستەوخۆ کە بەیەکێک لە قورسترین دانوستاندنەکان دادەنرێ.
 
ویتکۆڤ لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی گفتوگۆکان رایگەیاندووە: "پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی ٪3.67 بۆ ئێران رەنگە رێژەیەکی گونجاو بێ هەردوولا لەسەری رێکبکەوین.'' بەڵام ئەو رێژەیە رێک هاوشێوەی ئەو مەرجەیە لە 2015 لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیدا باسکراوە کە دواتر ترەمپ تاکلایەنە لەرێککەوتنەکە کشایەوە.
 
ویتکۆف و ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا لەوکاتەوە دەڵێن، نابێ ئێران هیچ رێژەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەپێی هیچ رێککەوتنێک هەبێ، بەڵام ئێران ئەوە بەتەواوی رەتدەکاتەوە، بۆیە جاری رابردوو گفتوگۆکان شکستیان هێنا و ئیسرائیل لە حوزەیرانی 2025 هێرشیکردە سەر ئێران.
 
هێرشەکانی ئیسرائیل و خۆپێشاندانەکان
 
ئیسرائیل و ئێران لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو، جەنگی نێوانیان 12 رۆژ بەردەوام بوو، هێرشەکان بە دەستوەردانی ئەمریکا و بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکان کۆتایی هات، تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو ئێران رایگەیاند: "ئەو هێرشانە پیتاندنی یۆرانیۆمی راگرتووە.'' سەرەڕای ئەوەش پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نەیانتوانی سەردانی بنکەکان بکەن.
 
ئەوە جگە لەوەی بەمدواییە ئێران رووبەڕووی شەپۆلێکی تووندی ناڕەزایەتییەکان بووەوە و سەرچاوەکەشی خراپی دۆخی ئابووری بوو لەو وڵاتەدا.
 
پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران
 
چەندین ساڵە ئێران جەخت دەکاتەوە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بە ئامانجی ئاشتییە، بەڵام بەرپرسانیشی بەردەوام هەڕەشە دەکەن کە گوشاری سەر وڵاتەکە بەردەوام بێ، پیتاندن تاوەکو ئاستی گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی زیاد دەکەن، ئێران ئێستا پیتاندنی یۆرانیۆمی نزیک کردووەتەوە لە ٪60 کە رێژەیەکی نزیکی گەیشتنە بە چەکی ئەتۆمی، تاکە وڵاتی جیهانیشە کە بێ چەکی ئەتۆمی بگاتە ئەو رێژەی پیتاندنە.
 
بەپێی رێککەوتنی ساڵی 2015 لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران، وڵاتەکە رێگەی پێدراوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم بگەیێنێتە ٪3.67 لەگەڵ کۆگەکردنی یۆرانیۆم بە بڕی 300 کلیۆگرام لە کۆگەکانیدا، دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەبارەی پرۆگرامەکەی ئێران ئاماژەی بە بوونی بڕی 9 تۆن و 870 کیلۆ لە یۆرانیۆم دەکات، بە پیتاندنی ٪6ـی ئەو یۆرانیۆمە کۆگەکراوە لە بەرنامەکەیدا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رایان روس

سزای زیندانی تا هەتایی بۆ ئەو پیاوە بڕایەوە، هەوڵی تیرۆرکردنی ترەمپی دا

دادگەیەکی ئەمریکا سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر ئەو پیاوەدا سەپاند، بەر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024ی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، پلانی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپی لە یاریگەیەکی گۆڵف لە فلۆریدا داڕشتبوو.