رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هێرشێکی تووند دەکاتە سەر دۆناڵد ترەمپ و پارێزەرەکانی؛ رایدەگەیێنێت ناوی سەرۆکی ئەمریکا هەزاران جار لە دۆسیە نهێنییەکانی جێفری ئیپستیندا هاتووە و "تۆمەتی زۆر نائاسایی و ناخۆشی" لەسەرە.
تێد لیو، ئەندامی کۆنگرێس لە فراکسیۆنی دیموکراتەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن دی سی رایگەیاند، کۆمارییەکان دەیانەوێت بە باسکردنی ناوی بیڵ و هیڵاری کڵینتن، سەرنجەکان لەسەر ئەو راستییە لابدەن، کە ناوی دۆناڵد ترەمپ بەشێوەیەکی بەرفراوان لە ناو دۆسیەکانی ئیپستیندا هاتووە.
تێد لیو ئاشکرای کرد کە لەو دۆسیانەدا چەندین تۆمەت سەبارەت بە دەستدرێژیکردنی ترەمپ بۆ سەر منداڵان و هەڕەشەی کوشتن لە قوربانییەکان هەن. ئەو داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو بەڵگەنامانە بکەن کە لە ناو دۆسیەکاندا تۆمارکراون.
ئەو ئەندامەی کۆنگرێس رەخنەی تووندی لە تود بلانچ، پارێزەری ترەمپ گرت و گوتی، ئەو یاسای بە هەڵە لێکداوەتەوە کاتێک گوتوویەتی 'ئاهەنگگێڕان لەگەڵ ئیپستین تاوان نییە'. لیو روونی کردەوە: "بەپێی یاسای فیدراڵی، هەر کەسێک ئامادەی ئەو ئاهەنگانە بێت کە تێیدا بازرگانی بە منداڵانی ناکامڵەوە کراوە و سوودیان لێ ببینێت، تاوانبارە."
وەزارەتی دادی ئەمریکا تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن لاپەڕە بەڵگەنامە، 180 هەزار وێنە و دوو هەزار ڤیدیۆی پەیوەست بە دۆسیەی جێفری ئیپستینی بڵاوکردووەتەوە. بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، هێشتا سێ ملیۆن بەڵگەنامەی دیکە ماون بڵاوبکرێنەوە کە چاوەڕوان دەکرێت ناوی چەندین بەرپرس و بازرگانی دیکەی تێدا بێت.
لەو بەڵگانەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراونەتەوە، وێنەی ترەمپ لەگەڵ ئیپستین لە دوورگەی تایبەتەکەیدا هەیە، هەروەها لە چەند وێنەیەکی دیکەدا لەگەڵ ژمارەیەک ژن و منداڵ دەردەکەوێت، کە هێشتا مێژووی وردی وێنەکان روون نەکراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ