بیڵ گەیتس: پەشیمانم لە هەموو خولەکێک کە لەگەڵ ئیپستین بەسەرم بردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بیڵ گەیتس، هاودامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت پەشیمانیی خۆی لە بەرامبەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ جێفری ئیپستین دەردەبڕێت و دەڵێت "پەشیمانم لە هەموو خولەکێک" کە لەگەڵ ئەو بازرگانەی سێکس بەسەری بردووە؛ هاوکات هاوسەری پێشووی دەڵێت، هێشتا چەندین پرسیار ماون بیڵ وەڵامیان بداتەوە.
 
دواین بەشی ئەو بەڵگەنامانەی کە وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاویکردوونەتەوە، چەندین ئیمەیڵ، وێنە و مامەڵەی دارایی نایاسایی نێوان کەسایەتییە ناسراوەکان و ئیپستینی تێدایە. لە یەکێک لەو ئیمەیڵانەدا، ئیپستین بانگەشەی ئەوە دەکات کە یارمەتیی بیڵ گەیتسی داوە بۆ "دەستکەوتنی دەرمان" و ئاسانکاری بۆ ژوانە نایاساییەکانی لەگەڵ ژنانی خێزاندار و کچانی رووسی.
 
بیڵ گەیتس، بلیۆنێری ئەمریکی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 9Newsـی ئوسترالی رایگەیاند: "پەشیمانم لە هەموو ئەو خولەکانەی لەگەڵیدا بەسەرم بردووە و داوای لێبووردن دەکەم." گەیتس ئەو تۆمەتانەی لە ئیمەیڵەکاندا هاتوون بە "هەڵە" وەسف کرد و گوتی، نازانێت مەبەستی ئیپستین لە نووسینی ئەو شتانە چی بووە و رەنگە ویستبێتی ناوی بزڕێنێت.
 
هاوکات گوتەبێژێکی گەیتس جەختی کردەوە، ئەم بەڵگەنامانە تەنیا ئەوە دەسەلمێنن کە ئیپستین بێزار بووە لەوەی نەیتوانیوە پەیوەندییەکی بەردەوامی لەگەڵ گەیتسدا هەبێت، بۆیە هەوڵی لەخشتەبردنی داوە.
 
ملیندا فرێنتچ گەیتس، هاوسەری پێشووی بیڵ گەیتس، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی نیشتمانی ئەمریکا (NPR) رایگەیاند، بڵاوکردنەوەی ئەم وردەکارییانە بۆ ئەو "زۆر ئازاربەخشە". ملیندا گوتی: "ئەو پرسیارانەی ماونەتەوە، پێویستە هاوسەری پێشووم وەڵامیان بداتەوە، نەک من."
 
جێی ئاماژەیە ئەم دوو هاوسەرە لە ساڵی 2021دا لە یەکدی جیابوونەوە. بیڵ گەیتس دەڵێت لە ساڵی 2011ـەوە ئیپستینی ناسیوە و تەنیا بۆ مەبەستی "خێرخوازی" و کۆکردنەوەی پارە بۆ تەندروستی جیهانی چەند جارێک لەگەڵی کۆبووەتەوە، بەڵام ئێستا دەزانێت کە ئەوە بڕیارێکی هەڵە بووە.
 
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن، بوونی ناوی هەر کەسێک لەناو دۆسیەکانی ئیپستیندا مەرج نییە بە واتای کردنی تاوان بێت، بەڵام ئەم بەڵگانە پەیوەندییە شاراوەکانی ئەو بازرگانەی سێکس لەگەڵ کەسایەتییە ناودارەکانی جیهان ئاشکرا دەکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە