رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای ئێران دەڵێت، دەستیان بە سەرجەم بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەگات لە ناوچەکە. دەشڵێت: ''ئەوە سەرۆکی ئەمریکایە دەبێ لەنێوان دانوستاندن و جەنگدا، یەکێکیان هەڵبژێرێ.''
رۆژی پێنجشەممە 05-02-2026، محەممەد ئەکرەمینیا، گوتەبێژی سوپای ئێران سەبارەت بە گرژییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند: ''دەستگەیشتن بە سەرجەم بنکە سەربازییەکانیان بۆ ئێمە کارێکی ئاسانە.''
ئەکرەمینیا ئاماژەی بە ئامادەیی سوپاکە کرد بۆ بەرگریکردن لە ئەگەری هەر هێرشێک دا و گوتی، ''ئەوە سەرۆکی ئەمریکایە دەبێ لەنێوان دانوستاندن و جەنگ یەکێکیان هەڵبژێرێ.''
گوتەبێژی سوپای ئێران ئەوەشی خستەڕوو، زاڵبوونیان بەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکادا لە ناوچەکە، خاڵی لاوازی سەربازیی ئەو وڵاتەیە ؛ ''ئەگەر دووژمن جەنگ هەڵبژێرێ، ئێمە ئامادەیی تەواومان بۆی هەیە.''
بەگوتەی ئەکرەمینیا، جیا لە درۆنەکانیان و سەرجەم سیستمە بەرگرییەکانی ئێران بەهێزترکراون و گوتی: ''ئەگەر جەنگێک رووبدات، هێرشەکانمان سەرانسەری ناوچەکە و هەموو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەگرێتەوە.''
قسەکانی گوتەبێژی سوپای ئێران لەکاتێکدان کە ئەمریکا هێزێکی زۆری سەربازی و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جەنگی هێناوەتە ناوچەکە و بڕیاریشە سبەی تاران و واشنتن لە مەسقەتی پایتەختی عومان لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران کۆببنەوە.
پار پێنج گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچوون، بەڵام دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو کاتێک لە مانگی حوزەیرانی 2025 جەنگێکی 12 رۆژە لەنێوان ئیسرائیل و ئێران روویدا و لە رۆژانی کۆتاییشدا ئەمریکا سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆردوومان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ