رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند 20.6 ملیۆن کەس کە تەمەنیان لە نێوان 100 بۆ 360 ساڵیدایە هاوکاریی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە حکومەت. وەردەگرن.
رۆژی 5ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە باڵەخانەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی گوتارێکی پێشکێش کرد. لە گوتارەکەیدا سەرنجی لەسەر چەند بابەتێک بوو کە دیارترینیان کەمکردنەوەی خەرجییەکان، باشترکردنی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی کۆچبەری بوو.
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا هێرشی کردە سەر دەستەی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی و بە گەندەڵی تۆمەتباریکردن کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی تێدایە و ئامارەکانیان جێگەی گومانە.
ئەو رایگەیاند، "باوەڕ بکەن یان نا، داتابەیسی حکومەت 4.7 ملیۆن کەسی تێدایە کە تەمەنیان لەنێوان 100 بۆ 109ساڵە و هاوکاریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن. 3.6 ملیۆن کەسی تێدایە، تەمەنیان 110 بۆ 119 ساڵە. هیچکامیان ناناسم. هەندێک کەس دەناسم کە پیربن، بەڵام بەم جۆرەش پیر نا."
دەشڵێت، لەنێو لیستەکە دا "3.47 ملیۆن کەس هەن کە تەمەنیان 130 بۆ 139 ساڵە، 3.5 ملیۆن کەسی تێدایە کە تەمەنیان 140 بۆ 149 ساڵە. 1.3 ملیۆن کەسی تێدایە کە تەمەنیان 150 بۆ 159 ساڵە و 130 کەسیشی تێدایە کە تەمەنیان سەروو 160 ساڵە".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانە پارەیەکی زۆر لە حکومەت وەردەگرن و پێویستە ئیدارەی نوێ لێکۆڵینەوە لەو لیستە بکات. جەختی لەوەش کردەوە، لە لیستەکەدا سەدان کەسی تێدایە کە تەمەنیان سەروو 220 ساڵە، "یەکێکیان تەمەنی 360 ساڵە".
بە گوێرەی راپۆرتێکی میدیای ئەمریکا بە پشتبەستن بە دەستەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، بە ملیۆنان کەس ناویان لەنێو لیستەکەدایە و زۆرینەشیان هاوکاری وەرناگرن چونکە بەشێکی زۆریان مردوون بەڵام بەهۆی "ناپێویستی و زۆریی خەرجییەوە" لیستەکە نوێ نەکراوەتەوە.
لی دودێک، بەرپرسی کاربەڕێکەری دەستەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەبارەی هەبوونی کێشە لە لیستی ناوی ئەو کەسانەی هاوکارییان لێ وەردەگرن رایگەیاند، ئەو ژمارانە پەیوەندی بەوەوە هەیە زۆرینەی ئەوانەی ناویان لە لیستەکەدایە مردوون، بەڵام ئاماژە بە کاتی مردنیان نەکراوە بۆیە هیچ هاوکارییەک وەرناگرن.
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵی 2023ـی پشکنەری گشتیی دەستەی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی ئەمریکا، 18.9 ملیۆن کەس کە تەمەنیان سەروو 100 ساڵە و بە مردوو تۆمار نەکراون ناویان لە دەستەکەیاندا هەیە، بەڵام تەنیا 44 هەزاریان هاوکاری وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ