ئۆتۆمبێلێکی پاپا فرانسیس دەکرێتە نۆرینگە بۆ منداڵانی غەززە

05-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی خێرخوازیی کاسۆلیکی کاریتاس رۆژی دووشەممە رایگەیاند، پاپا فرانسیس وەسیەتی کردووە یەکێک لە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانی لە غەززە بکرێتە نۆرینگە بۆ چارەسەرکردنی منداڵان، کە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە، دەیان هەزاریان کوژراون و دەیان هەزاری دیکەش برینداربوون.
 
ئۆتۆمبێلە بەنێوبانگەکەی پاپا لایەکانی کراوەن و بە شێوەیەک دروستکراوە پاپا بتوانێت سڵاو لە خەڵکی دەوروبەری بکات.
 
ئۆتۆمبێلەکە رادەستی لقی رێکخراوی کاریتاس لە قودس/ ئۆرشەلیم کراوە و ئەگەر ئیسرائیل رێڕەوێکی مرۆیی بکاتەوە، بەرەو غەززە بەڕێدەکەوێت.
 
ئۆتۆمبێلەکە، کە میتسوبیشییەکی دەستکاریکراوە، لەلایەن پاپاوە لە سەردانێکیدا لە ساڵی 2014 بۆ بەیت لەحم بەکارهێندرا، لەو کاتەوە خرابووە پێشانگەوە و تۆز و ژەنگی گرتبوو؛ ئێستا لە شێوەی نۆرینگەیەکی گەڕۆکدا نوێکراوەتەوە.
 
پیتەر بروون، سکرتێری گشتیی لقی رێکخراوی کاریتاس لە سوێد، گوتی، "بەهۆی ئەم ئۆتۆمبێلەوە، دەتوانین بگەین بەو منداڵانەی ئەمڕۆ چارەسەریان دەستناکەوێت، ئەو منداڵانەی بریندارن یان بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن."
 
بروون ئاماژە بەوە دەکات، ئاندێرس ئاربۆریلیوس، کاردیناڵی سوێد داوای لە پاپای کۆچکردوو کردبوو ئۆتۆمبێلە زیادەکە بەکاربهێنرێت بۆ پێشکەشکردنی چارەسەر بە منداڵانی فەڵەستین.
 
ئۆتۆمبێلەکە ئامێری پزیشکی و ساردکەرەوەی دەرمانی تێدا جێگیر دەکرێت و شۆفێرێک و تیمێکی پزیشکی بۆ تەرخاندەکرێت.
 
ئەنتۆن ئەسفەر، سکرتێری گشتیی کاریتاس لە قودس/ئۆرشەلیم گوتی: "ئەم ئۆتۆمبێلە نوێنەرایەتیی ئەو خۆشەویستی و بایەخ و نزیکایەتییە دەکات کە قەداسەتی پاپا بۆ لاوازترینەکان نیشانیدەدا."
 
بەڵام روون نییە ئایا هیچ رێرەوێکی مرۆیی بۆ نێو غەززە دەکرێتەوە یان نا، لە کاتێکدا ئیسرائیل ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ئابلوقەی تەواوی خستووەتە سەر کەرتی غەززە.
 
ئیسرائیل لە 18ی ئادار دەستی بە هێرشە بەرفراوانەکانی بۆ سەر غەززە کردەوە. 
 
رۆژی دووشەممە، کابینەی جەنگیی ئیسرائیل رەزامەندی نیشاندا لەسەر فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
 
وەزارەتی تەندروستیی غەززە رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لانیکەم  52 هەزار و 535 کەس لە سەرەتای جەنگەوە کوژراون کە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: Saul Loeb/AFP

ترەمپ: بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەمەوە

دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، بیر لە بژاردەی "گورزی سەربازیی سنووردار" بۆ سەر ئێران دەکاتەوە. ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ جێگیرکردنی هێزێکی گەورەی دەریایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست