رووداو دیجیتاڵ
گاری مارکۆس، دەروونناس و دەمارناسی ئەمریکی کە کتێب و لێکۆڵینەوەکانی بە بەردی بناخەی زیرەکیی دەستکرد ناسراون، هەوڵدەدات لەو نیگەرانییانە کەمبکاتەوە، کە لە بارەی زیرەکی دەستکردەوە سەریانهەڵداوە.
مارکۆس دەڵێت، "کاتێک باس لە مەترسییەکانی وەک لەنێوچوونی هەموو بوونەوەرەکان دەکرێت، بەڕای من ئەوە ئەستەمە رووبدات. یان باس لەوە دەکەن کە کارەساتی گەورە روودەدات و خەڵکێکی زۆر دەکوژرێت و تەنیا هەندێ کەس زیندوو دەمێننەوە و من نازانم دوای ئەوە چیرۆکەکە چی بەسەردێت ئەگەر هەموومان بمرین."
پێشکەوتنی خێرای زیرەکیی دەستکرد، بەتایبەتی پلاتفۆرمی ChatGPT بووەتە هۆکار بۆ وەبەرهێنانی تریلیۆن دۆلاری لەو بوارەدا. لە کاتێکدا لە ساڵی 2022دا تەنیا بایی 40 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە بواری زیرەکی دەستکرد کرا، پێشبینیکراوە تاوەکو ساڵی 2023، قەبارەی وەبەرهێنان لە زیرەکیی دەستکرددا بەرزبێتەوە بۆ 1.3 تریلیۆن دۆلار.
گاری مارکۆس دەڵێت: "نیگەرانی گەورەی من ئەوەیە کە سیستمی دیموکراسی بەکۆتابێت و پاوانخوازی سەربکەوێت. دەزانی، بەداخەوە لەوە بەدواوە خەڵک براوەی هەڵبژاردنەکان نابن. هەڵبژاردنەکان ئەو کەسانە بەڕێوەی دەبەن کە شارەزاییان هەیە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست. ئەو خەڵکانەش کە دەسەڵات بە دەستەوە دەگرن رەنگە یاساکان بە چەشنێک بگۆڕن کە چیدیکە سیستمی دیموکراسی کارنەکات و لە نێوبچێت. بەڕای من ئەمە مەترسی راستەقینەیە."
هەفتەی رابردوو کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند لەگەڵ ئەمریکا هەوڵدەدات یاسا و رێسا بۆ پەرەپێدانی زیرەکیی دەستکرد دابنێن و بەکارهێنانی سنووردار بکەن.
مارکۆس دەڵێت، "هەندێ سیناریۆ هەن کە دەکرێت زیانی گەورەی بەدواوە بێت. ژمارەی ئەو سیناریۆیانە زۆرن. بۆ نموونە رەنگە خەڵکانێک بیانەوێت لە رێگەی زیرەکیی دەستکردەوە ساختەکاری لە بازاڕدا بکەن و وێرانکاری دروستبکەن. لەو کاتانەدا رەنگە رووسیا تاوانبار بکەین و بڵێین چاو لێبکەن رووسەکان چیان لە وڵاتی ئێمە کرد. لە کاتێکدا رووسەکان دەستیان لەو کارەدا نەبووە. ئەگەر ئێمەش هێرش بکەینە سەریان، ئەوان خۆت دەزانی شێت دەبن لەبەر ئەوە ئەوان ئەو کارەیان نەکردووە. دەبینی ئەوە چۆن دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕ و بابەتی ئەتۆمی و شتی دیکە."
دوای ئەوەی لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا کۆمپانیای OpenAI دوایین ڤێرشنی "ChatGPT"ی بڵاوکردەوە، گاری مارکۆس و چەندین کەسایەتی وەک ئیلۆن مەسک لە ریزی ئەو 1,000 کەسایەتییانەدا بوون کە داوایان کرد رێگری لە پێشکەوتنەکانی زیرەکیی دەستکرد بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ