رووداو دیجیتاڵ
تی پیتەر، راپەرێکی لەندەنییە، پێشتر دەبوو لە ستۆدیۆیەک نۆرە بگرێت و پارەیەکی زۆر بە ئاوازدانەر بدات بۆ تۆمارکردنی گۆرانییەک، بەڵام ئێستا ژیریی دەستکرد ئەو کارەی بۆ دەکات.
تی پیتەر دەڵێت، "ژیریی دەستکرد بۆ من، هاوکارییەکی زۆر باشە ئێستا، کاری زۆر باشم بۆ دەکات، ئەمە پارەیەکی باش بۆ من دەگەڕێنێتەوە."
کێشەی سەرەکیی ئەو تەکنەلۆجیایە ئەوەیە؛ ئایا خاوەندارێتی ئەو ئاوازە بۆ کێ دەگەڕێتەوە؟ چونکە ژیریی دەستکرد بە پشتبەستن بە هەموو ئاوازەکانی پێشوو، ئاوازێکی نوێ دادەنێت.
ژیریی دەستکرد، بەردەوام لە پێشکەوتندایە و تائێستا یاسایەکی نێودەوڵەتی بۆ پێشهاتە مەترسیدارەکانی ئەو تەکنەلۆجیایە نەچەسپاوە.
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایش مانگانە دەگۆڕێت و وڵاتانی ئەندام بە نۆرە سەرۆکایەتی وەردەگرن. ئەم مانگە بەریتانیا سەرۆکایەتییەکە دەگرێتە دەست و دەیەوێت پرسی ژیری دەستکرد بباتە ئەنجوومەنەکە.
بەربەرا ودوارد، نوێنەری هەمیشەی بەریتانیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، "دەربارەی تەکنەلۆجیا لە کاتی سەرۆکایەتیی ئێمەدا، پرسی ژیریی دەستکرد دەبەینە ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەمەش دەبێت یەکەمجار لەسەر دەستی ئێمە ئەو پرسە بورووژێندرێت."
ناوەندی میوزیکی گەنجانی بەریتانیا راپرسییەکی لەبارەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە ستۆدیۆکانی میوزیک کردووە، دەرکەوتووە لە سێ هەزار میوزیکژەن، 63٪ـیان ژیری دەستکرد بەکاردەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ