هەولێر دیجیتاڵ
لە 23یەمین دانیشتنی رێکخراوی هاریکاریی شانگهای کە بە شێوەی ئۆنلاین بە سەرۆکایەتیی هیندستان بەڕێوەچوو، ئەندامێتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەی فەرمی راگەیێندرا؛ بەو جۆرەش ئێران بووە نۆیەمین وڵاتی ئەندام لەو رێکخراوە.
چین، هیندستان، رووسیا، کازاخستان، تاجیکستان، کرگستان، پاکستان و ئۆزبەکستان هەشت ئەندامی سەرەکیی ئەو رێکخراوەن و بە ئەندامبوونی ئێران ئێستا 9 ئەندامی سەرەکی هەیە.
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە گوتاری کرنەوەی دانیشتنەکەدا وێڕای پیرۆزباییکردن، ئەندامبوونی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەو رێکخراوە راگەیاند.
سەروکوەزیرانی هیندستان نیگەرانیی خۆی لەبارەی رەوشی ئەفغانستان راگەیاند و داوای گفتوگۆی زیاتری لەوبارەوە کرد؛ هەروەها باسی لە ئاڵنگارییانە کرد کە پەیوەندییان بە ئاسایشی خۆراک، سووتەمەنی و کشتوکاڵەوە هەیە.
لەو دانیشتنەدا کە سێشەممە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، جگە لە سەرۆکوەزیرانی هیندستان، شی جین پینگ، سەرۆکی چین، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و چەند سەرکردەیەکی وڵاتانی ئاسیای نێوەڕاست بەشدار بوون.
رێکخراوی هاریکاری شانگهای ریکخراوێکی نێودەوڵەتییە و لە ساڵی 2001 دامەزراوە بە مەبەستی هاوکاریی بوارەکانی ئاسایش، سیاسی و ئابووری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ