هێزی دەریایی ئەمریکا: رێگەمان لە ئێران گرت دەست بەسەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگردا بگرێت

05-07-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
نیشانەکردن ئێران سنووری ئێران و عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزی دەریایی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، رێگریی لە ئێران کردووە دەست بەسەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگردا بگرێت لە نۆکەندی عەرەب. ئەو هەوڵەی ئێران بەشێکە لەو ژمارە هێرشەی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، کە لە ساڵی 2019ـەوە دەستیپێکردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 5-7-2023، تیمۆسی هاوکینگس، گوتەبێژی کاروانی دەریایی پێنجەمی ئەمریکا رایگەیاند، رێگەیان لە ئێران گرتووە دەست بەسەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگردا بگرێت.
 
کۆمپانیای چێڤرۆن، کە کۆمپانیایەکی فرەبنکەی ئەمریکییە و لە بواری نەوت و گازدا کاردەکات، باس لەوە دەکات، یەکێک لە کەشتییەکان ریچمۆند ڤۆیاجەر بووە کە کەشتییەکی زەبەلاحە و لەلایەن ئەمریکاوە چاودێری دەکرێت. باسیشی لەوەکردووە، تیمی سەر کەشتییەکە، سەلامەت بوون.
 
هاوکینگس دەڵێت، لە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کەشتیی دووەمدا، کەشتییەکی ئێرانی تەقەی لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکە کردووە. هەردوو رووداوەکەش لە سنووری ئاوی نێوان ئێران و عومان روویانداوە.
 
هاوکینگس لەبارەی چۆنیێتی رێگریکردنەکە هیچی نەدرکاندووە؛ بەتایبەت لە باسی راگرتنی کەشتییەکەی دووەمی ئێران کە بە گوتەی خۆی، تەقەی لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکە کردووە.
 
بەگوێرەی ئامبری، کە کۆمپانیایەکی هەواڵگری و ئاسایشی دەریایی بەریتانییە؛ لەو کاتەدا کەشتیگەلێکی جەنگیی چەند وڵاتێک لە ناوچەکەدا بوون و، داوایان لە کەشتییە ئێرانییەکە کردووە "هەراسانکردنی کەشتییە بازرگانییەکان رابگرێت".
 
ئاژانسی فەرمی ئێران رایگەیاندووە، تائێستا بەرپرسانی ئێران هیچ لێدوانێکیان لەبارەی رووداوەکەوە نەداوە.
 
لە ساڵی 2019ـەوە ئێران چەندینجار هێرشی کردووەتەوە سەر کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکان، کە بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.
 
بەگوێرەی هێزی دەریایی ئەمریکا، مانگی رابردوو ئێران لە یەک هەفتەدا دەستی بەسەر دوو کەشتی نەوتهەڵگردا گرتووە.
 
بەپیی رێکخراوی ڤۆرتێکسا کە تایبەتە بە چاودێریی جموجۆڵی وزەی جیهان، نزیکەی پێنجییەکی نەوتی هەناردەکراوی جیهان بە گەرووی هورموزدا دەڕوات، کە کەلێنە ئاوێکە لە کۆتایی نۆکەندی عەرەب لەنێوان سنووری ئێران و عومان.
 
گوتەبێژێکی کۆمپانیای چێڤرۆن باس لەوە دەکات "هیچ زیانێکی گیانی، برینداربوون و زیانی مادی" لەسەر کەشتی ریچمۆند ڤۆیاجەر نەبووە.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی ریفینیتیڤ، کەشتی ریچمۆند ڤۆیاجەر پێش گەیشتنی بە نۆکەندی عەرەب، لە بەندەری رەئس تەنوورەی سعودیە نەوتی بارکردووە و بەرەو سەنگاپوور رۆشتووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لافاو لە ناوچەیەکی ئەڵمانیا

لافاو بەشێکی ئەورووپای گرتووەتەوە

لافاو بەشێکی ئەورووپای گرتووەتەوە، لافاوەکە بە شێوەیەکە کە لە ئەڵمانیا بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، 30 ساڵە لافاوی لەو شێوەیە رووینەداوە