رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، سێشەممە، 15-7-2025، گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق بۆ ئێران دەستپێدەکەنەوە کە زیاتر لە مانگێکە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران راگیراون.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 14ی تەممووزی 2025، تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، سبەی سێشەممە گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بۆ ئێران دەستپێدەکاتەوە، دوا ئەوەی بەشێوەیەکی کاتی بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و ئێران گەشتەکانی هێڵەکە بۆ ئەو وڵاتە راگیرابوون.
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە، لە 1945 دامەزراوە. هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە، کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا، ئەفریقا و ئەورووپان.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لە قۆناخی یەکەمدا هەفتانە چوار گەشتی ئاسمانی دەبێت، دوو گەشت لە بەغدا لە رۆژانی شەممە و سێشەممە و دوو گەشتەکەی دیکە لە فڕۆکەخانەی نەجەفە رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە.
هاوکات هێڵەکە لەگەڵ زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن دا پلانی زیادکردنی گەشتەکانی هەیە بەتایبەتی بۆ پاکستان،ئێران، تورکیا، بەحرێن و تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە.
رۆژی 7ی ئەم مانگە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، بەپێی ئەو خشتەیەی کە لەلایەن (هێڵی ئاسمانی ماهان ئێر)ەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی نێردراوە، وابڕیارە لە 18-7-2025 گەشتە ئاسمانییەکانیان لە نێوان (تاران-سلێمانی-تاران) دەستپێبکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ