پەناخوازی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا 28٪ زیادیکردووە

05-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئامارە فەرمییەکان ئەوە دەردەخەن کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا داوای مافی پەنابەرییان کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی پار، 28٪ بەرزبووەتەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2023، دەزگای پەنابەرانی یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لەنێوان کانوونی دووەمی ئەمساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران، 519 هەزار داواکاری پەنابەری لە هەر 27 وڵاتە ئەوروپییەکەدا هەبوون".
 
کۆچبەرانی سووریایی و ئەفغانی، چارەگی ئەو کەسانە پێکدەهێنن کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا داوای پەناخوازییان کردووە و دوای ئەوەش پەناخوازانی ڤەنزوێلا، تورکیا، کۆڵۆمبیا، بەنگلادیش و پاکستان دێن کە زۆرترین داوای مانەوەیان پێشکێش بە وڵاتانی یەکێتییەکە کردووە. 
 
دەزگاکە پێشبینی ئەوەی کردووە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لەمساڵدا لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکەدا داوای مافی پەنابەری دەکەن، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت، ئەوەش بە زۆرترین ژمارەی پەنابەران دادەندرێت لە ساڵی 2015ـەوە کە ئەوروپا لێشاوێکی گەورەی پەنابەرانی بەخۆیەوە بینی.
 
لە ساڵی 2015 وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا 1.35 ملیۆن داواکاری مافی پەنابەرییان پێگەیشت و لە ساڵی 2016ـەش ژمارەکە 1.25 ملیۆن کەس داوای مافی مانەوەیان لە یەکێتییەکە کرد.
 
ژمارەی ئەو پەنابەران لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەرەو کەمی چوو دوای ئەوەی لە ساڵی 2017 یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا رێککەوتنێکیان بۆ رێگرتن لە پەڕینەوەی نایاسایی کۆچبەران واژۆ کرد و لەنێوان ساڵانی 2020 و 2021ـیش بەهۆی پەتای کۆرۆناوە کە گەشتکردن قەدەخە کرابوو، کەمبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیبوو.
 
لەنێو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەڵمانیا لە پلەی یەکەم دێت کە زۆرترین پەنابەری لەخۆگرتووە، بەجۆرێک کە 62٪ی ئەو کەسانەی لە وڵاتانی ئەندامی یەكێتییەکە داوای مافی ماوەیان کردووە، لەو وڵاتە بوون کە زۆربەیان پەنابەری سووریایی و ئەفغانین. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای پەنابەرانی یەکێتیی ئەوروپا، 41٪ـی ئەو کەسانەی کە لە وڵاتانی ئەندامی یەكێتییەکە داوای مافی مانەوەیان کردووە، مافی مانەوەیان وەرگرتووە. 
 
دەزگاکە دەشڵێت: "سوورییەکان و ئەفغانەکان، کە لەنێوخۆدا ململانێ و سەرکوتکردنیان هەبووە، زۆرترین چانسی وەرگرتنی مافی مانەوەیان هەبووە، لەکاتێکدا تورکەکان کەمترین چانسی وەرگرتنی مافی مانەوەیان هەبووە".
 
 
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە