رووداو دیجیتاڵ
پاڤێڵ دورۆڤ، دامەزرێنەری ئەپڵیکەیشنی تەلەگرام رۆژی سێشەممە رایگەیاند کە دوای تێکچوونی فەیسبووک، 70 ملیۆن بەکارهێنەری نوێ لە ماوەی رۆژێکدا بۆ تەلەگرام زیادبوون و ئەو ژمارەیە بە "پێوانەیی" ناودەبات.
رۆژی دووشەممە فەیسبووک، ئینستاگرام و واتساپ بۆ ماوەی حەوت کاژێر لەکارکەوتن و ملیاران بەکارهێنەریان لێ دابڕان.
تەلەگرام کە ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت بە ئاڵۆگۆڕکردنی نامەیە، بە تایبەتی لە وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و ئێران بەناوبانگە و بۆ پەیوەندیی تایبەت و بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەواڵیش بەکاردێت.
دورۆڤ لە کەناڵی خۆی لە سەر تەلەگرام نووسیویەتی، "دوێنێ تەلەگرام بەرزبوونێکی پێوانەیی لە بەکارهێنەرانی نوێ و چالاکیدا بەخۆیەوە بینی."
دامەزرێنەری تەلەگرام ئەو کەسانەی کە رووی لە ئەپەکەیان کردووە بە "کۆچبەر" ناودەبات و دەڵێت، "ئێمە پێشوازیمان لە زیاتر لە 70 ملیۆن کۆچبەری پلاتفۆڕمەکانی دیکە کرد لە ماوەی یەک رۆژدا. دەمەوێت بە بەکارهێنەرە نوێیەکانمان بڵێم، بەخێربێن بۆ تەلەگرام، گەورەترین پلاتفۆڕمی نامەناردنی سەربەخۆ. کاتێک کە ئەوانی دیکە بێهیواتان دەکەن، ئێمە وا ناکەین."
بە گوێرەی دامەزراوەی سێسنەر تاوەر کە تایبەتە بە چاودێریکردنی جموجوڵی ئینتەرنێت، تەنیا دوێنێ لە ئەمریکا تەلەگرام لە ریزبەندیی 56ـەمینی ئەو ئەپانەی کە زۆرترین جار دابەزێنراون، هاتووەتە ریزبەندی پێنجەمین.
ئەپەکە لە ساڵی 2013 لە لایەن هەردوو برا، پاڤێل و نیکۆلای دورۆڤ دامەزرێنرا کە هەر ئەوان بوون Vkontakteی تۆڕی کۆمەڵایەتیی رووسییان دامەزراند.
تەلەگرام رازینییە کار لەگەڵ حکومەتی وڵاتاندا بکات و کۆدەکانیان پێ بدات، کە ئەوەش وایکردووە لە ژمارەیەک وڵات قەدەخە بکرێت، لەوانەش، رووسیا.
ساڵی رابردوو، مۆسکۆ قەدەخەی لەسەر ئەپەکە لابرد، بەڵام ئەوە لە کاتێکدابوو کە ماوەی دوو ساڵ بوو بە شکستخواردوویی هەوڵیدەدا ئەپەکە بلۆک بکات.
کانوونی دووەمی ئەمساڵ، پاڤێل دورۆڤ رایگەیاند کە تەلەگرام مانگانە زیاتر لە 500 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەبووە و رۆژێک دوای ئەوەی کە واتساپ رایگەیاند گۆڕانکاری لە مەرجەکانی نهێنیپارێزی خۆیدا دەکات، 25 ملیۆن بەکارهێنەری نوێ بۆ تەلەگرام دروستبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ