رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی چین دەڵێ، بەهۆی رنووی بەفرەوە لە دامێنی لووتکەی ئەڤەرێست و لەو بەشەی دەکەوێتە رۆژهەڵاتی تبت، نزیکەی هەزار کەس بێسەروشوێنن. بەفرەکە بووەتەهۆی داخستنی رێگەکانی ئەو ناوچەیە و ئەوەش بەهاناوەچوونی قورس کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، میدیای فەرمیی چین بڵاویکردەوە، لە لووتکەی ئەڤەرێست و ئەو بەشەی کەوتووەتە رۆژهەڵاتی تبتەوە رەنووی بەفر روویداوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئەنجامی رووداوەکە زیاتر لە هەزار کەس بێسەروشوێنن کە لە دامێنی لووتکەکە دەمانەوە.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی چین، سەتان کەس لە خەڵکی ناوچەکە و تیمی فریاگوزاری لە هەوڵی کردنەوەی ئەو رێگەیانەدان کە دەیانگەیەننە ئەو ناوچەیە.
ناوچەکە نزیکەی چوار هەزار و 900 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە.
میدیای فەرمیی چین ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لەو کەسانەی دیکە لەو ناوچەیە دەمانەوە توانیویانە خۆیان رزگاربکەن.
لە رۆژی هەینییەوە بەفر لە بەرزاییەکانی ناوچەکە دەبارێ. دوێنێ، بەهۆی زۆری بەفرەکەوە چەند کۆمپانیایەکی گەشتیاری فرۆشتنی بلیتی گەشتکردنیان بۆ ناوچەکە راگرت.
بەشێکی چیای ئەڤەرێست لەنێو چین و بەشێکی لەنێو نیپاڵە.
نیپاڵیش لە رۆژی هەینییەوە رووبەڕووی شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ بووەتەوە و بەهۆی دروستبوونی لافاویش 47 کەس گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ