سەرۆکی سووریا بەشداریی لووتکەی کەشوهەوای COP30 لە بەرازیل دەکات

05-11-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی رایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا رۆژی چوارشەممە بەرەو بەرازیل بەڕێکەوتووە، بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆنفرانسی کەشوهەوای کۆپ 30 بکات و دواتریش لە واشنتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
 
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی سووریا بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوەکەی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "سەرۆک شەرع بەرەو بەرازیل بەڕێکەوتووە، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو 8ـی تشرینی دووەم لەوێ بمێنێتەوە و بەشداری لە COP30 بکات، پێش ئەوەی بەرەو واشنتن بەڕێبکەوێت."
 
ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی سەرۆکی کاتیی سووریا بۆ ئەمریکای لاتین، دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمدا رژێمی بەشار ئەسەدی رووخاند.
 
لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل رۆژانی پێنجشەممە و هەینی میوانداریی لووتکەی COP30 دەکات و چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 50 سەرۆکی وڵات و حکومەت لە شاری بێلێمی ناوچەی ئەمازۆن ئامادە بن.
 
کۆپ30 یان (کۆنفرانسی پارتەکان) لووتکەیەکە لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا دەکرێت و هەر جارێک لە وڵاتێک بەڕێوەدەچێت. 
 
شەرع دەبێتە یەکەم سەرۆکی سووریا، کە سەردانی کۆشکی سپی بکات.
 
شەرع پێشتر لە مانگی ئەیلوولدا سەردانی نیویۆرکی کردبوو، کە تێیدا یەکەم گوتاری سەرۆکێکی سووریای لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی 1967ـەوە پێشکێش کرد.
 
کۆشکی سپی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ترەمپ لە 10ـی تشرینی دووەم پێشوازیی لێدەکات.
 
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا هەفتەی رابردوو رایگەیاند، شەرع لە سەردانەکەیدا باسی هەڵگرتنی سزاکان، ئاوەدانکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە