مەکسیک؛ کەسێک ویستی سەرۆک ماچ بکات و دەستگیرکرا

05-11-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی پیاوێک هەوڵیدا بە زۆر ماچی کڵاودیا شەینباوم، سەرۆکی مەکسیک بکات؛ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.
 
رووداوەکە رۆژی سێشەممە 05-11-2025 روویدا، کاتێک شەینباوم بەپێ بەرەو بۆنەیەک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی دەڕۆیشت و لە رێگەدا تەوقەی لەگەڵ لایەنگرانی دەکرد و وێنەی لەگەڵ دەگرتن، وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکانی سۆشیاڵ میدیادا دەرکەوتووە، پیاوەکە لە شەینباوم نزیک دەبێتەوە، قۆڵی دەخاتە سەر شانی و هەوڵدەدات دەست بۆ سینگی ببات، لە هەمان کاتدا هەوڵدەدات ملی ماچ بکات.
 
یەکێک لە ئەندامانی تیمی ئاسایشی سەرۆکایەتیی پیاوەکەی دوورخستەوە، کە پێدەچوو لەژێر کاریگەریی مادەی هۆشبەر یان کحولدا بووبێت.
 
سەرەڕای رەفتارەکەی، شەینباوم بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ پیاوەکە کرد، رازی بوو وێنەیەکی لەگەڵ بگرێت و دواتر دەستی بە پشتیدا کێشا.
 
دەسەڵاتدارانی ئەمنی دواتر رایانگەیاند کە پیاوەکە دەستگیر کراوە.
 
سیتلالی هێرناندێز، وەزیری کاروباری ژنانی مەکسیک، وەزارەتێک کە لەلایەن خودی شەینباومەوە دامەزراوە، لەبارەی رووداوەکەوە قسەی کرد و لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "ئێمە ئەو کارە سەرکۆنە دەکەین، کە ئەمڕۆ سەرۆکەکەمان رووبەڕووی بووەوە". هەروەها رەخنەی لەو هەڵسوکەوتە پیاوسالارییانە گرت، کە دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و شکاندنی سنووری تایبەتییان ئاسایی دەکەنەوە.
 
رووداوەکە کێشەیەکی شاراوە لە مەکسیکدا دەخاتەڕوو. بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان، نزیکەی 70٪ـی ژنانی مەکسیکی کە تەمەنیان لە 15 ساڵ زیاترە، لانیکەم جارێک لە ژیانیاندا رووبەڕووی دەستدرێژی یان گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە