رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمریکی بە رووداوی راگەیاند، راستە لە هەندێک پرسدا ناکۆکییان لەگەڵ ئەنقەرە هەیە، بەڵام پابەندن بەوەی هاوئاهەنگییەکانی نێوانیان زیاد بکەن، بە تایبەتی لە بواری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.
رۆژی سێشەممە 5-12-2023، ئیان مەکێری، جێگری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن دی سی لەبارەی کاریگەریی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و ئەگەری بوونی هاوئاهەنگی لەنێوان ئەنقەرە و واشنتن لەو بوارەدا دایەوە و گوتی، "تورکیا هاوپەیمانێکی گرنگی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشە. تورکیا وڵاتێکی زۆر چالاکە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و پەیوەندی زۆر نزیکمان لەگەڵ هاوبەشە تورکەکانمان لە هەموو بوارەکاندا هەیە".
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە باسی لەوە کرد کە خاڵی هاوبەش لەنێوان واشنتن و ئەنقەرەدا زۆرە و زۆرجاریش پێکەوە کاری سەرکەوتوویان کردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەندێک پرسیشدا ناکۆکییان هەیە، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەو بارەوە بدات.
ئیان مەکێری گوتی، ئەوان وەک ئەمریکا پابەندن بەوەی کە "بەردەوام بین لە پەرەپێدانی هاوئاهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی تورکیا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر"دا.
تورکیا و ئەمریکا ئەندامی ناتۆن و لە چەندین شوێن و بواریشدا پێکەوە کاردەکەن، بەڵام لە بابەتی رۆژئاوای کوردستان جیاوازی لە بۆچوونیاندا هەیە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یارمەتی هەسەدە دەدات و دەڵێت، ئامانجەکەی ئەوەیە رێگە نەدات داعش بەهێز بێتەوە. بەڵام تورکیا بەو هاوبەشییەی نێوان هەسەدە و ئەمریکا خۆشحاڵ نییە، چونکە پێی وایە پەیەدەی پێکهێنەری سەرەکی هەسەدە لقی رۆژئاوای کوردستان و سووریای پەکەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ