رووداو دیجیتاڵ
نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزۆێلا و سیلیا فلۆرێسـی هاوژینی دوای دوو رۆژ لە دەستگیرکردنیان، برانە هۆڵێکی دادگەی فیدراڵی لە مانهاتنی نیویۆرک. ئەوە یەکەم دەرکەوتنیان بوو لە بەردەم دادوەرێکی ئەمریکی، دوای ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئەمریکادا لە کاراکاس دەستگیرکران.
دانیشتنەکە دەستپێکی رێکارەکانی پێش دادگاییکردنە و هێشتا دادگاییکردنی تەواوەتی دەستیپێنەکردووە.
لە دانیشتنەکەدا چی کرا؟
دادوەر تۆمەتەکانی خوێندنەوە کە ئاراستەی مادورۆ و هاوژینەکەی کراون. تۆمەتەکان بریتین لە: بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و تیرۆر (نارکۆ-تیرۆریزم)، پیلانگێڕی بۆ بردنی کۆکایین بۆ ئەمریکا، هەبوونی چەک و تەقەمەنیی نایاسایی.
هەریەک لە مادورۆ و فلۆرێس سەرجەم تۆمەتەکانیان رەتکردەوە و رایانگەیاند "بێتاوانن".
دادگە رۆژی 17ی ئاداری 2026ی وەک وادەی دانیشتنی داهاتوو دیاریکرد بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی دادبینی.
دانیشتنەکە نزیکەی 30 خولەکی خایاند و رێوشوێنی تووند گیرابوونەبەر. رێگە بە بردنەژوورەوەی کامێرا نەدرا و چاودێرانیش لە ژوورێکی دیکەوە ئاگاداری دانیشتنەکە بوون.
پارێزەری مادورۆ کێ بوو؟
لە دانیشتنی یەکەمدا، باری جەی پۆڵاک وەک پارێزەری مادورۆ ئامادەبوو.
پۆڵاک پارێزەرێکی ناسراوی ئەمریکییە. لە دۆسیە تاوانکارییە هەستیارەکاندا کاری کردووە. یەکێک لە بریکارە دیارەکانی پێشووی جولیان ئاسانجە، دامەزرێنەری ویکیلیکس، کە پۆڵاک ساڵانێکی زۆر لە دادگاکانی ئەمریکا بەرگریی لێکرد.
کاری پۆڵاک زیاتر لەو دۆسیە فیدراڵییە ئاڵۆزانەیە کە پەیوەستن بە ئاسایشی نیشتمانی، یاسای نێودەوڵەتی و کەسایەتییە سیاسییە باڵاکان.
هەروەها مارک ئی دۆنێلی، وەک پارێزەری سیلیا فلۆرێس ئامادەبوو و نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی سیلیا دوای دەستگیرکردنی دەربڕی.
دادوەرەکە کێ بوو؟
ئالڤین کەی هێلەرشتاین، دادوەری دادگەی فیدراڵیی ناوچەی باشووری نیویۆرک دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد.
زانیاری لەبارەی دادوەر هێلەرشتاین:
- تەمەنی 92 ساڵە (لەدایکبووی 1933ـە).
- ساڵی 1998 لەلایەن بیڵ کلینتن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکاوە وەک دادوەری فیدراڵی دیاریکراوە.
- یەکێکە لە بەتەمەنترین و کۆنترین دادوەرەکانی دادگەی فیدراڵی.
هێلەرشتاین لە ماوەی کارکردنیدا سەرپەرشتیی دۆسیە گەورە و کاریگەرەکانی کردووە، لەوانە:
- داواکاری و دۆسیەکانی پەیوەست بە هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر.
- دۆسیە دارایی و ئاڵۆزەکانی پەیوەست بە ساختەکاریی کۆمپانیاکان.
- دۆسیەی دژی مایکڵ کۆهین، پارێزەری پێشووی دۆناڵد ترەمپ.
- دۆسیە هەستیارەکانی پەیوەست بە دەستدرێژیی سێکسی.
- دۆسیەی هوگۆ کارڤاخال (پۆلۆ)، بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی ڤەنزۆێلا کە ئێستا هاوکاریی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەکات.
سپاردنی دۆسیەکەی مادورۆ بە دادوەر هێلەرشتاین، ئاماژەیە بۆ ئەوەی دادگەی فیدراڵی وەک دۆسیەیەکی نێودەوڵەتیی "زۆر گرنگ" سەیری دەکات.
مادورۆ لە دادگە چی گوت؟
لە دانیشتنە کورتەکەدا، مادورۆ جەختی کردەوە کە بێتاوانە و چەندینجار تۆمەتەکانی رەتکردەوە.
مادورۆ پێداگیریی کرد، کە ئەو هێشتا "سەرۆکی رەوای" ڤەنزۆێلایە و وەک ئاماژەیەک بۆ کەسایەتیی خۆی گوتی: "من پیاوێکی پاکم".
مادورۆ ئاماژەی بەوە کرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە "رفێندراوە" و خۆی وەک "دیلی جەنگ" ناساند، بەمەش داوای کرد بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافەکانی بپارێزرێن. هەروەها گوتی پێش دانیشتنەکە لیستی تۆمەتەکانی نەبینیوە و تازە لە دادگە پێی راگەیێندراوە.
مادورۆ لەم دانیشتنەدا داوای ئازادکردنی بە کەفالەت نەکرد، بەڵام پارێزەرەکەی ئاماژەی بەوە کرد لەوانەیە دواتر داوای ئازادکردنی بکەن.
داواکارییەکانی تیمی بەرگری
تیمی پارێزەرانی مادورۆ داوای چاودێریی پزیشکییان بۆ مادورۆ و بەتایبەتی بۆ سیلیا فلۆرێس کرد و گوتیان دوای دەستگیرکردنەکە کێشەی تەندروستییان بۆ دروست بووە.
هەروەها پارێزەران پرسیاریان لەسەر یاساییبوونی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی مادورۆ دروستکرد، بەو پێیەی ئەو "سەرۆکی وڵاتە"؛ ئەوان پلانیان هەیە لە داهاتوودا بە وردی تانە لەم بابەتە بدەن.
سیلیا فلۆرێس چی گوت؟
سیلیا فلۆرێس، هاوژینی مادورۆ بە کورتی قسەی کرد و گوتی "بێتاوانم".
سیلیا بە زمانی ئیسپانی خۆی ناساند و گوتی: "من خانمی یەکەمی کۆماری ڤەنزۆێلام".
پارێزەرەکەی داوای کرد دادگە دڵنیایی بدات لەوەی پشکنینی پزیشکی و چارەسەری تەواو بۆ ئەو برینانە وەربگرێت، کە دەگوترێت لە کاتی دەستگیرکردنەکەدا دروست بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ