وەزیری دەرەوەی بەلجیکا بۆ رووداو: گرنگە مافی کەمینەکان پارێزراو بێت

دوێنێ کاژێر 11:39
تەنیا ئەحمەد
ماکسیم پریڤۆ، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا
ماکسیم پریڤۆ، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی بەلجیکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، پێویستە دەرفەت بە حکومەتی نوێی سووریا بدرێ، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە مافی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە بپارێزرێت.
 
رۆژی سێشەممە 06-01-2026 ماکسیم پریڤۆ، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا قسەی بۆ دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن کرد.
 
پریڤۆ گوتی، "پێمان وایە پێویستە دەرفەت بە حکومەتی ئێستا بدرێت، چونکە سەردەمی ئەسەد بەڕاستی کارەساتبار بوو. یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکان بریتییە لەو گرنگییەی کە پێویستە حکومەتی نوێ بە هەموو کەمینەکان بە رێبازێکی گشتگیر بیدات."
 
بەلجیکا باڵیۆز دەنێرێتەوە
 
وەزیری دەرەوەی بەلجیکا هەواڵێکی تایبەتی بۆ رووداو درکاند و گوتی، "چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بڕیارم دا، بۆ یەکەمجار، باڵیۆزێکی نوێ رەوانەی سووریا بکەم بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی لە هەموو پرۆسەکەدا (بنیاتنانەوە و سیاسی) یاوەرییان دەکەین."
 
تێکەڵبوونی هەسەدە و سوپا
 
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و پێکهاتەی نوێی بەرگریی سووریا، پریڤۆ بە رووداوی گوت، "بەلجیکا پشتیوانی لە هەموو جۆرە یەکگرتنەوەیەک دەکات کە ببێتە هۆی ئاشتی لە ناوچەکە و رێگری لە زیادبوونی گرژییەکان."
 
وەزیرەکە مەرجی سەرەکیی بۆ ئەم تێکەڵبوونە دیاری کرد کە بریتییە لە "رێزگرتن لە خەڵک و یاسای نێودەوڵەتی، هەروەها دڵنیابوون لەوەی ئەو پرۆسەیە بەڕاستی ئاگای لە هەموو کەمینەکان دەبێت."
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا:

رووداو: چۆن دەڕواننە حکومەتی کاتیی سووریا و نیگەرانیی پێکهاتەکان لەو حکومەتە، وەک کورد، دروز، کریستیان و عەلەوییەکان؟
 
وەزیری دەرەوەی بەلجیکا: با راستگۆ بم لەگەڵتان، ئێمە پێمان وایە بەدڵنیاییەوە، پێویستە دەرفەتێک بە حکومەتی ئێستا بدەین، چونکە سەردەمی ئەسەد بەڕاستی کارەساتبار بوو. بێگومان ئێستا هەموو شتێک چارەسەر نەبووە. یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکان بەدڵنیاییەوە ئەو بایەخەیە کە پێویستە حکومەتی نوێ بە هەموو کەمینەکان بیدات، هەموویان بەبێ جیاوازی و بەشێوەیەکی گشتگیر. هەروەها چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، بڕیارم دا بۆ یەکەمجار باڵیۆزێکی نوێ رەوانەی سووریا بکەم بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی لە هەموو پرۆسەکەدا یاوەرییان دەکەین. هیوادارم بتوانرێ رێگری لە هەر جۆرە کێشەیەک لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی وڵاتەکەدا بکرێ. بەڵام دەبێت بەتەواوی سەرنج بخەینە سەر ئەم پرۆسە گشتگیرە.
 
رووداو: ئێوە هاوکاریی ئەو هێزانەتان کرد کە دژی داعش شەڕیان کرد، ئێستاش پرۆسەیەکی تێکەڵکردن لەنێوان هەسەدە و حکومەتی نوێی سووریا هەیە. ئایا پشتیوانی لەم تێکەڵکردنە دەکەن؟ راتان چییە لەسەر نیگەرانیی کورد سەبارەت بە تێکەڵبوونیان بە پێکهاتەی نوێی بەرگریی سووریا؟
 
وەزیری دەرەوەی بەلجیکا: بە راشکاوی، من وردەکاریی تەواوم لەسەر ئەو لایەنانە نییە، بۆیە خۆم دەپارێزم لەوەی شتێکی هەڵە بڵێم. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە بەلجیکا پشتیوانی لە هەموو جۆرە یەکگرتنەوەیەک دەکات کە ببێتەهۆی بەرقەراربوونی جۆرێک لە ئاشتی لە ناوچەکە، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی رێگری لە هەر جۆرە هەڵکشانێک دەکەین. گرنگە رێز لە خەڵک و رێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگیرێت، هەروەها دڵنیایی هەبێت کە ئەو پرۆسە گشتگیرەی دەستپێکراوە، بەڕاستی ئاگای لە هەموو کەمینەکان دەبێت. زۆر سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە ڤەنزوێلا. وێنە: Federico Parra/AFP

ترەمپ: ڤەنزوێلا 50 ملیۆن بەرمیل نەوت رادەستى ئەمریکا دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دەسەڵاتدارانی کاتی لە ڤەنزوێلا رەزامەندییان نیشانداوە لەنێوان 30 بۆ 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی کواڵیتی بەرز رادەستی ئەمریکا بکەن. ئەم بڕە نەوتە بڕیارە بە نرخی رۆژی بازاڕە جیهانییەکان بفرۆشرێت