تەقینەوەیەک لە هیندستان بووە هۆی کوژرانی هەشت کەس

06-02-2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کارگەیەکی یارییە ئاگرینەکان لە ویلایەتی مەدهیای هیندستان تەقییەوە و بووە هۆی کوژرانی 8 کەس و برینداربوونی لانیکەم 80 کەسی دیکە. 
 
رۆژی سێشەممە، 6ـی شوباتی 2024، تەقینەوەیەکی بەهێز کارگەیەکی یارییە ئاگرینییەکانی شاری هاردای ویلایەتی مەدهیای هیندستان روویدا؛ لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت کە ئاگر و دووکەڵێکی زۆر بە ئاسمانی ناوچەکەدا بەرزدەبێتەوە. 
 
راجیشواری مەهۆبیا، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری هاردای رایگەیاند، "هەشت کەس بەهۆی تەقینەوەکەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 80 کەسی دیکەش بریندار بوون، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی کوژراوان زیاتر بێت." 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی هیندستان، لانیکەم 20 ئەمبووڵانس گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە و 50 ئەمبووڵانسی دیکەش رەوانەی شوێنەکە دەکرێن. 
 
کایلاش چاند پارتێ، بەرپرسێکی خۆجێیی ویلایەتی مەدهیای هیندستانە و رایگەیاند، 15 ئۆتۆمبێلی ئاگرکووژێنەوەیان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کردوون بۆ ئەوەی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن. گوتیشی کە نزیکەی 200 بۆ 300 کەس لە کارگەکە کاردەکەن، بەڵام دیار نییە لە کاتی تەقینەوەکەدا چەند کەسی لێبووە. 
 
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەکەوە، لانیکەم 10 باڵەخانەی دەورووبەری کارگەکە زیانیان بەرکەوتووە." 
 
کارگەی یاریی ئاگرین لە هیندستان زۆرن؛ تەقینەوەش لەو کارگانە شتێکی نامۆ نین لەو وڵاتە. لە ساڵی 2019 لە ویلایەتی پونجاب تەقینەوەیەک لە کارگەیەکی یاریی ئاگرین روویدا و لانیکەم 18 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا. هەمان ساڵ تەقینەوەیەکی دیکەی هاوشێوە لە ویلایەتی ئوتار پرادێش بووە هۆی کوژرانی 10 کەس. 
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە