رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ترەمپ گوتی، دەست بەسەر غەززەدا دەگرن؛ دەڵێت، پێویست ناکات هیچ سەربازێکی ئەمریکی بۆ ئەو پێشنیازە لە غەززە بن. دەشڵێت، خەڵکی غەززە دەرفەتی ئەوەیان دەبێت دڵخۆش و ئازادبن.
رۆژی پێنجشەممە، 06-02-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسی: "لەدوای جەنگ، کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە رادەستی ئەمریکا دەکرێت. پێویست بە هیچ سەربازێکی ئەمریکی ناکات، سەقامیگری باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت."
رۆژی سێشەممە، 04-02-2025، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و گوتی: "ئەمریکا دەست بەسەر غەززەدا دەگرێت."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە راگواستنی خەڵکەکەشی بۆ وڵاتەکانی دەورووبەری، لەوانەش میسر و ئوردن کرد. ترەمپ گوتی: "ئێمە کارێکی لەگەڵ دەکەین؛ دەبینە خاوەنی."
ترەمپ هیچ وردەکارییەکی لەسەر ئەوەی چۆن زیاتر لە دوو ملیۆن خەڵکی کەرتەکە دەگوازنەوە نەدا.
رۆژێک دوای ئەو لێدوانە، شەپۆلێکی رەخنە و ناڕەزایی لەلایەن فەلەستینییەکان، حکومەتە عەرەبییەکان و سەرکردە جیهانییەکان رووبەڕووی ئیدارەکەی ترەمپ بووەوە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەوە گوتی: "داوایەکە ئەوەندە دووژمناکارانە نەبوو، بەڵکو بە بڕوای من زۆر هەنگاوێکی بەخشندانە بووە و دەیەوێت بەرپرسیارێتی دووبارە بنیادنانەوەی بگرێتە ئەستۆ."
بەگوتەی روبیۆ، سەرۆکی وڵاتەکە مەبەستی لە چۆڵکردنی هەمیشەیی غەززە نەبووە، بەڵکو دەیەوێت خەڵکەکە بۆ ماوەیەکی کاتی و تاوەکو ئەو کاتەی غەززە بنیاد دەنرێتەوە، کەرتەکە جێبهێڵن.
ترەمپ لە پۆستەکەی رۆژی پێنجشەممەیدا هەروەها نووسی: "خەڵکی فەلەستین دەرفەتێکیان دەبێت بۆ ئەوەی دڵخۆش، سەلامەت و ئازاد بن. ئەوان بۆ نێو کۆمەڵگەی زۆر پارێزراوتر و جوانتر دەگوازرێنەوە."
دوای قسەکانی ترەمپ، حەماس لەسەر زاری سامی ئەبوو زوهرە، گوتەبێژەکەی وەڵامی دایەوە و گوتی: "لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی کۆنترۆڵکردنی غەززە گاڵتەجاڕانە و بێمانایە و هەر بیرۆکەیەکی لەو جۆرە دەبێتە هۆی گڕتێبەردانی ناوچەکە."
کارۆلین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "زۆر بە روونی باس لەوە کراوە کە ئەمریکا پێویستە بەشداربێت لە دووبارە بنیاتنانەوەی غەززە بۆ ئەوەی لە سەقامگیریی ناوچەکە دڵنیاببێتەوە."
گوتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی ئەوەی لە کاتی بنیاتنانەوەی غەززە، سەربازی ئەمریکا دەچنە نێو کەرتەکە گوتی: "بەشداریکردنی ئەمریکا لە بنیاتنانەوەی کەرتەکە مانای ئەوە نییە سەربازی ئەمریکا بچنە نێو کەرتەکە یان باجدەرانی ئەمریکا پارە بۆ ئەم مەبەستە دابین بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ