جیهان
وێنەیەکی نەتەنیاهوو کە لەنێو شاشەکەی دواوە ئیسپتین دەردەکەوێ؛ وێنەکە بەرهەمی ژیریی دەستکردە و تیمی رووداو دیجیتاڵ ئاماژەی نەخشاندنی پێداوە
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو دەڵێ، ئەو "پەیوەندییە نزیک و نائاساییەی" لەنێوان ئیهود باراک، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل و جێفری ئێپستین هەبووە، باشترین بەڵگەیە کە دەیسەلمێنێت ئێپستین "بریکاری ئیسرائیل نەبووە،" ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو تیۆرییە گوماناوییەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە.
نەتەنیاهوو لە پۆستێکدا بە زمانی ئینگلیزی لە ئێکس نووسی: "پەیوەندییە نزیکەکەی ئێپستین لەگەڵ ئیهود باراک بەو مانایە نییە کە ئێپستین کاری بۆ ئیسرائیل کردووە، بەڵکو تەواو پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تۆمەتی ئەوەی ئاراستەی باراک کردووە کە بەهۆی شکستی لە هەڵبژاردنی 20 ساڵ پێش ئێستادا "بە ویستەوە هەوڵی تێکدانی دیموکراسیی ئیسرائیلی داوە" و لەرێگەی هاوکاری لەگەڵ "چەپە تووندڕۆ دژە زایۆنیستەکان" ویستویەتی حکومەتە هەڵبژێردراوەکەی ئیسرائیل بڕوخێنێت.
نەتەنیاهوو دەڵێ، باراک لە پشت پەردە و بە ئاشکرا هەوڵی "تێکدانی سەقامگیری، هاندانی ئاڵۆزی و بڵاوکردنەوەی نێوەڕۆکی درۆینەی میدیایی" داوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ پشتگیرییەکانی باراک لە خۆپێشاندانەکانی دژی حکومەت.
بەڵگەنامە نوێیەکان و پەیوەندییە مێژووییەکان
بڵاوکردنەوەی ملیۆنان بەڵگەنامەی نهێنیی ئێپستین لە هەفتەی رابردوو لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە پەیوەندییەکانی ئەو بازرگانەی لەگەڵ چەندین کەسایەتیی دیاری سیاسی، دارایی و ئەکادیمی پشتڕاستکردەوە، لەوانەش ئیهود باراک کە لە ساڵانی 1999 تاوەکو 2001 سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بوو و دواتر لە ساڵانی 2009 تاوەکو 2013 وەزیری بەرگریی حکومەتەکەی نەتەنیاهوو بوو.
هەرچەندە پەیوەندییە کەسی و بازرگانییەکانی باراک و ئێپستین مێژوویەکی درێژیان هەیە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەنجامدانی هیچ کارێکی نایاسایی لەلایەن باراکەوە نییە. هەروەها هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئێپستین پەیوەندی بە دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)ەوە هەبووبێت، تەنانەت لە یەکێک لە ئیمەیڵەکانیدا ئێپستین دوای ئەوەی بانگهێشتی ئیسرائیل کراوە، رەتیکردووەتەوە و نووسیویەتی: "من بە هیچ شێوەیەک حەزم لە ئیسرائیل نییە. بە هیچ شێوەیەک."
جێفری ئێپستین لە ساڵی 2008 بە تۆمەتی بازرگانیی سێکسی سزادرا و لە ساڵی 2019ش بە تۆمەتی قاچاخچێتیی سێکسی بە منداڵانەوە دەستگیرکرایەوە. ئێپستین لە 2019 بەشێوەیەکی تەمومژاوی گیانی لەدەستدا و ئەمریکا رایگەیاند، خۆی کوشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ