رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند، باسی شەڕی داعش و تێکەڵکردنی سەربازی، کارگێڕی و مەدەنیی هەسەدەیان کردووە.
رۆژی هەینی 06-02-2026، ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە ئێکس نووسی: "سەردانەکەم بۆ عێراق، بەغدا و هەولێر کۆتاییهات. لێرەوەیە کە سەربازانی فەرەنسا وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی شامال خەریکی ئەم شەڕە بێوچانەن."
بارۆ نووسی: "لێرە بوو کە پێشمەرگە ئازاکانی کورد و سوپای فیدراڵیی عێراق هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسلامییان تێکشکاند."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا باس لەوە دەکات: "لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵووم و جەنەراڵ عەفرین، فەرماندەی گشتیی یەپەژە (YPJ) باسی بەردەوامبوونی ئەم شەڕەمان لە سووریا، ئەو رۆڵەی کورد لەوێ دەیگێڕێ و پڕۆسەی تێکەڵکردنی سەربازی، کارگێڕی و مەدەنییانمان کرد."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە بڵاوکراوەکەی، وێنەی خۆی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەزڵووم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد و رۆهلات عەفرین داناوە.

رۆژی پێنجشەممە بارۆ گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە. ژان نۆیل بارۆ گوتی: "پێویستە مەرسوومی سەرۆکایەتی بۆ دانپێدانان بە مافی زمان، کولتوور و پەروەردەیی کورد جێبەجێ بکرێ. چەندین هەنگاوی گرنگ ماون، لەوانە دیاریکردنی بەرپرسانی کورد لەنێو دەزگەکانی دەوڵەت، مەشقپێکردنی لیواکانی سەر بە هەسەدە و گەڕانەوەی ئاوارەکان."

وێستگەی دووەمی بارۆ لە بەغدا بوو و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند: " دەبێ هەموولایەک پابەندی ئاشتی بن و لە شەڕی دژ بە تیرۆر بەردەوام بن. بە هەر نرخێک بێت، دەبێ ئاسایشی عێراق بپارێزرێ، چونکە هێزێکی گرنگە بۆ ناوچەکە."
لە دوایین بەشی سەردانەکەی، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا چووە هەولێر. لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە دەمانەوێ وەکو چۆن لە عێراق مافی کورد پارێزراوە، لە سووریاش پارێزراو بێ. هێزەکانی فەرەنسا و پێشمەرگە پێکەوە دژی تیرۆر جنگان و بەردەوام دەبین."
ژان نۆیل بارۆ دواتر لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبووەوە. هەسەدە رایگەیاند: " وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم، بەردەوامبوون لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و رێگاکانی پاراستنی ئەو ناوەندانەی کە چەکدارانی داعش و خێزانەکانیانی تێدایە، تاوتوێ کران."
دوایین کۆبوونەوەی بارۆ لەگەڵ سەرۆک بارزانی بوو. بارەگای بارزانی رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە سەرۆك بارزانی راگەیاند: "سەرۆك ماكرۆن سڵاوی تایبەتی هەبووە و جەختی لە پەیوەندی و دۆستایەتی دوولایەنە و پاڵپشتیكردنی گەلی كوردستان كردووەتەوە؛ هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی بۆ كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەربڕی بە ئامانجی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشی سیاسیی ناوچەكە و راوێژ لەگەڵ سەركردەكانی ناوچەكە بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ گرفتەكانی ناوچەكە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ