رووداو دیجیتاڵ
دووەمین دانیشتنی چواردەیەمین گۆنگری گەل لە بەیژینگ بە ئامادەبوونی شی جین پینگ و سێ هەزار نوێنەر لە 31 هەرێمی چین بەڕیوەچوو. لە دانیشتنەکەدا ناوەڕۆکی بودجەی سەربازی، حکومەتی ناوەندی و خۆجێیەکان، گەشەسەندنی ئابوری و پلانی ساڵی داهاتوو تاوتوێ کران.
لەدوای کۆنگرەکە، پەیامنێری رووداو لە تیان شوان، نوێنەر لە چواردەیەمین کۆنگرەی نیشتمانیی گەل پرسی، "ئابووری چین چی لێدێت، پێتوایە گەشە دەکات؟
تیان شوان باسی لەوە کرد، "من بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕوانی ئامانجی گەشەی بەرهەمی ناوخۆییم، کە لە یەک دوو خولەکدا ڕادەگەیێنرێت. ژمارەکان داوای سیاسەتی کرداری چالاکتر دەکەن. زۆر گەشبینم بە ئابووری چین. ئێمە لە ساڵی ڕابردووەوە شیوی 7 مان پێداوە، و خۆڕاگری زۆرمان هەیە وگەشبین."
ئامانجی حکومەتی چین ئەوەیە گەشەی ئابوری جێگیر و زیاتر بکات، کە کۆی گشتیی بەرهەمی نێوخۆیی بۆ ئەم ساڵ بە 134 تریلیۆن یوەن مەزەندە دەکرا. ئەوەی
جێی سەرنجە بودجەی سەربازییە، لەوەتەی شی لەسەر دەسەڵاتە ساڵ لە دوای ساڵ لە زیادبووندایە و بۆ ئەم ساڵ بەڕێژەی 7،2٪ پەسندکراوە کە 249 ملیار دۆلارە.
بەهۆی پێشەنگی چین لە تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد، گرێبەستەکانیان بە رێژەی 11٪ زیادیکردووە.
وان لی، نوێنەرێکی دیکەیە لە چواردەیەمین کۆنگرەی نیشتمانیی گەل و دەڵێت، "تەکنەلۆژیای نوێی ژیریی دەستکرد ئاسانکاری و گۆڕانکاری زۆری بەسەر ژیانماندا هێناوە،
بەڵام پێویستە گرنگی بەو ڕاستییەش بدەین کە لە کاتێکدا AI ئاسانکاری بۆ ژیانمان دەهێنێت، بەڵام ڕەنگە هەندێک کێشەی نوێی لێبکەوێتەوە. پێویستە بەپەلە گرنگیی بەم دیاردە نوێیانە بدەین و مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین. پێموایە تەکنەلۆژیای AI توانای بێ سنووری هەیە و ڕەنگە AI هەندێک پەیوەندی یان هاوکاری لەگەڵ پیشەسازییە جیاوازەکاندا هەبێت".
75 ساڵە لە چین ساڵانە جارێ "دوو دانیشتن" دەکرێن و گەورەترین رووداوی سیاسی و یاسادانانی وڵاتەکەیە کە کۆنگرەی نیشتمانیی گەل و کۆنفرانسی راوێژکاری نیشتمانیی خەڵکی چینە. بەشداربووان 28٪ـی ئافرەت و 15٪ـی کەمینەکانی چینن و نوێنەری 56 نەتەوەی جیاوازی تێدایە، کە بە جلوبەرگی نەریتی خۆیان بەشداری دەکەن.
وانگ لو فێن: نوێنەرێکی دیکەیە لە چواردەیەمین کۆنگرەی نیشتمانیی گەل و ئاماژە بەوە دەدات، "من نوێنەری شاری ویشانی هەرێمی یونانم. من ئەندامی نەتەوەی ویشان ییم، زۆر خۆشحاڵم کە بە دەنگی خەڵک بەشداری دوو دانیشتنەکە دەکەم."
حکومەتی چین ڕاپۆرتی کاری خۆی بۆ ساڵی 2025 راگەیاند، ئامانجی کۆی گشتیی بەرهەمی ناوخۆ (GDP) بۆ ئەم ساڵیش 5٪ دەبێت. ئاماژەکان و رێژەکان ئەو نیشاندەدەن کە حکومەتی چین دەیەوێت بڵێت ئابورییەکەی بەرەو باشتر دەچێت؛ بەڵام شەڕی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد کە بەرۆکی چینی گرتووە، بەتەنیا ئەوەندە ئاماژەی پێدرا کە ئەوان گرنگیی زیاتری پێدەدەن و هەروەها گرنگی بە تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێتی 6G دەدەن، بەڵام هیچ بودجە و ناوەڕۆکی تێروتەسەل ئاماژەی پێنەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ