راپۆرتێک: ئەمریکا و ئێران گفتوگۆ لەسەر ئاگربەستێکی 45 رۆژە دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمریکا و ئێران لەگەڵ گرووپێک لە نێوەندگیرە ناوچەییەکان خەریکی تاوتوێکردنی مەرجەکانی ئاگربەستێکی 45 رۆژین؛ سەرچاوەکان دەڵێن ئەمە "دوایین دەرفەتە" بۆ رێگری لە وێرانکاریی گەورە.
 
ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ی ئەمریکی لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگاداری ئەمریکی، ئیسرائیلی و ناوچەیی بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممە 06-04-2026، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن چڕکراونەتەوە. هەرچەندە دەرفەتە 48 کاژێرییەکە کەم دەبینرێت، بەڵام ئەمە وەک دوایین هەوڵ سەیر دەکرێت بۆ رێگری لە هێرشی وێرانکەر بۆ سەر ژێرخانە سڤیلەکانی ئێران و وەڵامدانەوەی تاران بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی وڵاتانی کەنداو.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە پێشتر مۆڵەتێکی 10 رۆژیی دابووە ئێران، رۆژی یەکشەممە مۆڵەتەکەی بۆ 20 کاژێری دیکە درێژکردەوە و لە "تڕوس سۆشیاڵ" رایگەیاند، وادەی نوێ تاوەکو کاژێر 08:00ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە دەبێت. ترەمپ بە ئەکسیۆسی گوتووە: "دانوستاندن لە ئارادایە و دەرفەتێکی باش هەیە، بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەکەن، هەموو شتێک لەوێ دەتەقێنمەوە."
 
دانوستاندنەکان لە رێگەی نێوەندگیرانی پاکستان، میسر و تورکیاوە بەڕێوەدەچن. بەگوێرەی زانیارییەکان، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە رێگەی نامەوە پەیامیان ئاڵوگۆڕ کردووە. رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە لە دوو قۆناخ پێکدێت:
 
قۆناخی یەکەم: راگەیاندنی ئاگربەستێکی 45 رۆژی بۆ دانوستاندن لەسەر کۆتاییهێنانی هەمیشەیی جەنگ.
 
قۆناخی دووەم: واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی بۆ وەستاندنی جەنگ.
 
نێوەندگیرەکان پێیانوایە کێشەی "تەنگەی هورمز" و "کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران" تەنیا بە رێککەوتن چارەسەر دەبن. ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێت لە قۆناخی یەکەمدا ئێران هەندێک هەنگاوی سەرەتایی لەم دوو پرسەدا بنێت بۆ دروستکردنی متمانە.
 
بەرپرسانی ئێران نیگەرانن لەوەی ئاگربەستەکە تەنیا سەر کاخەز بێت و وەک دۆخی غەززە و لوبنانیان بەسەر بێت. نێوەندگیرەکان هۆشدارییان داوەتە تاران کە "کات بۆ تەکتیکی دانوستاندن نەماوە" و ئەم 48 کاژێرە تەنیا دەرفەتە بۆ رێگری لە وێرانکاری.
 
سەرەڕای ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، هێزی دەریایی سوپای پاسداران رۆژی یەکشەممە هەڵوێستێکی تووندی نواند و رایگەیاند، بارودۆخی تەنگەی هورمز "هەرگیز ناگەڕێتەوە" بۆ دۆخی پێش جەنگ، بەتایبەت بۆ هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو هێلیکۆپتەر لەکاتی ئۆپەراسیۆنی گەڕانەکە سووتەمەنی وەردەگرن.

وردەکاریی رزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە لەنێو جەرگەی ئێران

ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا "سی ئای ئەى" لە رێگەی ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆزی هەواڵگری و سەربازییەوە، توانی فڕۆکەوانێکی وڵاتەکەی لە نێو جەرگەی خاکی ئێران رزگار بکات، ئەمەش دوای ئەوەی توانییان هێزە ئێرانییەکان بە "زانیاریی چەواشەکار" فریو بدەن.