دۆناڵد ترەمپ: ئیلۆن مەسک عەقڵی لەدەستداوە

06-06-2025
رووداو @Rudawkurdish
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیلۆن مەسک
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیلۆن مەسک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، ئیلۆن مەسک "عەقڵی لەدەستداوە"، بەڵام پێداگریی کرد کە دەیەوێت جیابوونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانە ملیاردێرە پێشووەکەی بە ئاسانی تێپەڕێنێت.
 
ئەم جیابوونەوە ئاشکرا و تووندەی نێوان دەوڵەمەندترین و بەهێزترین کەسی جیهان، لە هەموو روویەکەوە پڕە لە مەترسیی سیاسی و ئابووری.
 
بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن، ترەمپ بیرۆکەی قسەکردنی لەگەڵ مەسک رەتکردووەتەوە، تەنانەت بیری کردووەتەوە کە دەستبەرداری ئەو تێسلا سوورە ببێت کە لە لووتکەی پەیوەندییە گەرموگوڕەکەیاندا کڕیبووی.
 
ترەمپ بە میدیای وڵاتەکەی گوت، دەیەوێت تیشک بخاتە سەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسا زەبەلاحە "گەورە و جوانەکەی" – کە رەخنە تووندەکانی مەسک لەسەر هەمان پڕۆژەیاسا بووە هۆی جیابوونەوەکەیان.
 
بەڵام سەرۆکە کۆمارییە تەمەن 78 ساڵەکە نەیتوانی خۆی بگرێت و هێرش نەکاتە سەر مەسکی هاوڕێی، کە لەدایکبووی ئەفریقای باشوورە.
 
ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتی، "مەبەستت ئەو پیاوەیە کە عەقڵی لەدەستداوە؟"؛ گوتیشی، ئارەزووی قسەکردن لەگەڵ ئەو ملیاردێرەدا ناکات. دواتر ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، "تەنانەت بیر لە ئیلۆن ناکەمەوە... پیاوی داماو کێشەی هەیە."
 
تەنیا هەفتەیەک لەمەوبەر، ترەمپ بە شێوەیەکی شکۆمەندانە ماڵئاوایی لە مەسک کرد کاتێک دوای چوار مانگ کارکردن، رۆڵەکەی لە بەشی کەمکردنەوەی خەرجییەکان کە بە "بەشی کارایی حکومەت" (DOGE) ناسرابوو، جێهێشت.
 
'زۆر نائومێد بووم'
 
دوای ئەوەی مەسک رۆژی سێشەممە پڕۆژەیاسای خەرجییەکانی ترەمپی بە "کارەسات" ناوبرد، ترەمپ رۆژی پێنجشەممە لە گوتەیەکی توونددا لە کۆشکی سپی وەڵامی مەسکی دایەوە و گوتی، "زۆر نائومێد بووە" لەو ملیاردێرە.
 
پڕۆژەیاسای خەرجییەکانی ترەمپ رووبەڕووی ئاڵنگاریی تووند دەبنەوە لە کۆنگرێس، چونکە کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا زیاد دەکات، لە کاتێکدا رەخنەگران دەڵێن، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ ملیۆنان کەس لە هەژارترین ئەمریکییەکان کەمدەکاتەوە.
 
دواتر کێشەکەیان گەیشتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار، کاتێک مەسک سووکایەتیی بە ترەمپ کرد و بەبێ بەڵگە تۆمەتباری کرد بەوەی ناوی لە فایلەکانی حکومەتدایە سەبارەت بە جێفری ئێپستین، پارەدار و تاوانباری سێکسی.
 
ترەمپ بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی حکومەتی ئەمریکا وەڵامی دایەوە و گوتی، دەتوانێت گرێبەستە فرە ملیار دۆلارییەکانی مووشەک و مانگە دەستکردەکانی بەڕێوەبەری سپەیس ئێکس هەڵبوەشێنێتەوە.
 
مەسک لە هەڕەشەکەی پاشگەز بووەوە کە گوتبووی کەشتیی ئاسمانیی دراگۆنی کۆمپانیاکەی رادەگرێت - کە بۆ گواستنەوەی ئاسمانەوانەکانی ناسا بۆ وێستگەی ئاسمانیی نێودەوڵەتی و گەڕانەوەیان زۆر پێویستە.
 
هەروەها رۆژی هەینی، ترەمپ کە هەمیشە زۆر شت لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکاتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی چالاکییەکی کەمی هەبوو.
 
کۆشکی سپی ئەو راپۆرتانەی رەتکردنەوە کە باسیان لەوە دەکرد قسەیان کردبێت.
 
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی گوتی، "سەرۆک نیازی نییە ئەمڕۆ قسە لەگەڵ مەسک بکات." بەرپرسێکی دیکە گوتی، مەسک داوای پەیوەندییەکی کردبوو.
 
بەخشینی تێسلاکە؟
 
پشکەکانی تێسلا رۆژی پێنجشەممە لەنێو ئەو شەڕەدا زیاتر لە 14% دابەزین و نزیکەی 100 ملیار دۆلاریان لە بەهای بازاڕی کۆمپانیاکە لەدەستدا، بەڵام رۆژی هەینی بەشێکیان قەرەبوو کردەوە.
 
ترەمپ ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە کە ئۆتۆمبێلە تێسلاکەی بفرۆشێت یان بیبەخشێت، کە لە مانگی ئاداردا رایگەیاند لە کۆمپانیاکەی مەسکی کڕیوە.
 
ئۆتۆمبێلە کارەباییەکە ئەمڕۆ هەینی لە حەوشەی کۆشکی سپیدا راگیراوە. بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا ترەمپ ئۆتۆمبێلەکەی دەفرۆشێت یان دەبەخشێت، گوتی، "بەڵێ، بیری لێدەکاتەوە."
 
ترەمپ و مەسک لە مانگی ئاداردا لە بۆنەیەکدا لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا وێنەیان گرت.
 
لە کاتێکدا وا دیارە ترەمپ زۆرینەی کارتەکانی لەم شەڕەدا بەدەستەوەیە، مەسکیش چەند کارتێکی هەیە بۆ یاریکردن.
 
سامانەکەی مەسک رێگەی پێدا ببێتە گەورەترین بەخشەر لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی ترەمپ، بە بڕی نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار. هەر پاڵپشتییەکی دیکە بۆ هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی 2026 ئێستا گومانی لەسەرە، لە کاتێکدا مەسک دەتوانێت پارەکەی بۆ لاوازکردنی پشتیوانیی ترەمپ لەلایەن بەرەی دیکەوە بەکاربهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا و ستیڤ ویکتۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە. وێنە: AFP

ئۆکراینا: لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا پێشکەوتنی راستەقینە بەدەستهاتووە

بەرپرسی باڵای دانوستاندنکاری کیێڤ رایگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆ چڕەکانی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی لە بەرلین، کە بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا بەڕێوەچوو، "پێشکەوتنی راستەقینە" بەدەستهاتووە.