ئەندازیارێکی بەریتانی 30 ساڵ لەمەوبەر یەکەم ماڵپەڕی ئینتەرنێتی دانا

06-08-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
سێر تیم بێرنەر، دامەزرێنەری یەکەم ماڵپەڕی ئینتەرنێت. گرافیست: عەبدولباست ئیبراهیم
سێر تیم بێرنەر، دامەزرێنەری یەکەم ماڵپەڕی ئینتەرنێت. گرافیست: عەبدولباست ئیبراهیم
نیشانەکردن ئینتەرنێت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رەنگە ئەوانەی لە تۆڕەکانی ئینتەرنێتدا، لە گووگڵ بە دوای شتێکدا دەگەڕێن، یان لە فەیسبووک پۆستێک دەکەن، یانیش لە رێگەی ئامازۆنەوە شتێک دەکڕن، هەرگیز ناوی (تیم بێرنەر)یان نەبیستبێت، بەڵام ئەو کەسانە نەیاندەتوانی ئەو شتانە بکەن، ئەگەر تیم بێرنەر تۆڕی بەرفراوانی جیهانی دانەدەمەزراندبووایە.
 
30 ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر دامەزراندنی یەکەم ماڵپەری جیهان لەلایەن ئەندازیارێکی گەنجی بەریتانی، ئەوکاتەی کە بۆ ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی ئەوروپا کاری دەکرد.
 
تیم بێرنەر لە ساڵی 1989ەوە سەرقاڵی لێکۆڵینەوە بوو لەسەر ئەوەی کە چۆن دەکرێت بابەت و نێوەڕۆکە دیجیتاڵییەکان لە رێگەی بەرنامەیەکی کۆمپیوتەرییەوە لە شوێنێکدا دابنرێن و شێوازی گرافیکی لەخۆیان بگرن، بە چەشنێک بکرێت هەر کات ویستت بتوانی چاویان پێدا بخشێنییەوەو سەیریان بکەی.
 
تیم لە 12ی 3ی 1989 پێشنیازەکانی خۆی بڵاوکردەوەو ئەوە بووە سەرەتای شۆرشێکی گەورەی دیجیتاڵی کە مانای ئەوەی گۆڕی کە چۆن لەوە بەدواوە زانیاری هاوبەشدەکرێت یان خەڵک چۆن کەلوپەل دەکڕن.
 
تیم بێرنەر، دامەزرێنەری تۆڕی ئینتەرنێت لە جیهان لە هەڤپەیڤینێکی 2019 دا دەڵێت "ئەمانە پرسیاری سەرەکی و سەختن. جیهانی نوێ و بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێستا، بەوە چارەنووسی دیاریدەکرێت کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چۆن کاردەکەن و کاردانەوەیان چۆنە، ئەم دیاردەیە نوێیە. بۆ ئەمەش هیچ یاساو رێسایەک نییە کە 100 ساڵ پێش ئێستا نووسرابێت. لەبەرئەوەیە بە چەشنێک لە چەشنەکان ئێمە ئەو یاساو رێسایانەمان داناون کە چۆن هەر کەسێک دەبێت بەرپرسیارێتی، هاوبەش بکات".
 
تیم بێرنەر لە رۆژی 6ی 8ی ساڵی 1991 دا یەکەم ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی بۆ ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی ئەوروپا دامەزراند، بەڵام ئێستا لە جیهاندا 1.8 ملیار ماڵپەڕ هەن.
 
لەکاتی دامەزراندنی یەکەم ماڵپەڕی جیهان، تیم بێرنەر رەتیکردەوە کە ئەو بەرنامەیەی کە داینا بە پارە بفرۆشێت و بە خۆڕایی خستییە بەردەست هەموو کەسێک. ئەمەش رێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی ئەندازیارانی دیکەی کۆمپیوتەر پەرە بە کارەکانی بدەن و لەبەرئەوەیە ئەو هەموو پێشکەوتنە ئەمڕۆ لەو بوارەدا بەدیهاتووە.
 
بێرنەر دەڵێت، "بهێننە پێش چاوی خۆتان، هەموو زانیارییەکان لەو کۆمپیوتەرانەدا دانراون کە لە هەموو شوێنێکەوە پێکەوە بەستراونەتەوە. هەروەها بیرلەوە بکەنەوە کە من لەسەر کۆمپیوتەرەکەی خۆم بەرنامەیەک بنووسم کە شوێنێک دیاریبکات و لەو شوێنەدا هەموو شتێک پێکەوە گرێبدەم".
 
ئەمە ئەو بیرۆکەیە کە تیم بێرنەر- لی، 30 ساڵ لەمەوبەر هێنایە ئاراوە لە ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئەتۆمی ئەوروپا کە بە CERN ناسراوە.
ئەو کاتانە سێرن CERN، گەورەترین تاقیگەی زانستی فیزیای جیهان بوو. پڕبوو لە کەسانی دەستەبژێری بیرە داهێنەرانەییەکان.
 
تیم بێرنەر، بیری لەوە دەکردەوە، ئەو هەموو کۆمپیتەرەی ناوەندەکەیان پڕن لە زانیاری، بەڵام چۆن دەکرێت هەموویان پێکەوە گرێبدات و بیانبەستێتەوە بۆ ئەوەی زانیارییەکان بتوانن لەسەر کۆمپیوتەرەکان هاوبەش بن. ئەو بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری نووسی کە ناوی لێنا ( تۆڕی بەرفراوانی جیهانی World Wide Web ) و ئەوەش بووە بنەمای یەکەم ماڵپەڕی جیهان. 3 پیتی دەبلیو(www… ) لەو  ناوەوە وەرگیراون. لە بنەڕەتدا دامەزراندنی ماڵپەڕ بۆ ئەوە بووە کە زانیارییەکان بە شێوازی ئۆتۆماتیکی لەنێوان کۆمپیوتەرە جیاوازەکان هاوبەش بکرێن.
 
چۆنیەتی دامەزراندنی تۆڕی بەرفراوانی جیهانی لەڕووی کاتەوە
 
ئاداری 1989
 
تیم بێرنەر- لی یەکەم پرۆپۆزەڵی خۆی پێشکێشی ناوەندی سێرن کرد لەسەر دامەزراندنی سیستمێکی دابەشکردن و هاوبەشکردنی زانیاری.
 
تشرینی دووەمی 1990
 
تیم بێرنەر- لی لەگەڵ هاوکارێکی لە ناوندی سێرن بە ناوی رۆبێرت کایلیاو، پڕوپۆزەڵێکیان بە فەرمی پێشکێشی سێرن کرد بۆ بەڕێوەبردنی ( تۆڕی بەرفراوانی جیهانی World Wide Web ).
 
ئابی 1991
 
تیم بێرنەرلی،  یەکەم بەرنامەی خۆی، WWW دانا و خواست بۆ ئەم بەرنامەیە چووە دەرەوەی کۆمەڵگەی زانایانی فیزیا. تیم بەخۆرایی هەموو ئەو رێنوێنیانەی بڵاوکردەوە کە چۆن کەسانی دیکە لە دەرەوەی ناوەندی سێرن بتوانن بەرنامەکەیان دەستکەوێت بۆ ئەوەی بەکاری بهێنن.
 
کانوونی یەکەمی 1991
 
یەکەم سێرڤەر لە دەرەوەی ئەوروپا لە کالیفۆرنیا دامەزرا. ئەم سێرڤەرە هەموو ئەو زانیارییانەی تێدا دانران کە لە بواری ( فیزیای وزە) کۆکرابوونەوە.
 
کانوونی دووەمی 1992
 
www چووە دەرەوەی ناوەندی سێرن، بەخێرایی لەلایەن ناوەند و زانایانی دیکە بە یارمەتی ناوەندی سێرن پەرەی پێدرا. زانایان بەکاریان هێنا بۆ کۆگاکردنی زانیاری لەسەر ژمارەی تەلەفۆنەکان، زانیارییەکانی پەیوەست بە ناونیشان و بەڵگەنامە فەرمییەکان.
 
کانوونی دووەمی 1993
 
لە ناوەندە زانستییەکان چەندین براوزەر دروستکران، بۆ کاری گەڕان لە تۆڕی بەرفراوانی جیهانی. چەندین براوزەر دامەزران وەک (براوزەری موزاییک، براوزەی ئیکس کە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت خاوەنی بوو).
 
ئایاری 1994
 
یەکەم کۆنفرانسی جیهانی www بەڕێوەچوو. رۆبێرت کالیاو سەرپەرشتی کۆنفرانسەکەی کرد.
 
تشرینی یەکەمی 1994
 
تیم بێرنەرلی، کۆنسێرسیۆمی www ی بەیارمەتی زانکۆی MIT و چەندین ناوەندی دیکەی زانستی دانا.
 
 
5 بواری گەورە کە دامەزرادنی تۆڕی بەرفراوانی جیهانی کاریگەری گەورەی تێدا دروستکردووە:
 
کار لەرێگەی دوورەوە Remote Working 
 
پێش هەموو شتێک، ئینتەرنێت لە ساڵی 1960 دامەزرا، بنەمایەک بوو بۆ ئەوەی زانیارییەکان لەنێوان دوو کۆمپیتەردا ئاڵوگۆڕ پێبکرێن، بەڵام ئەو زانیارییانە لەلایەن هەر یەکە لەو دوو کۆمپیوتەرە بە دوو زمانی کۆمپیوتەری جیاوازەوە وەردەگێڕدران و ئەو پەیوەندییە دروستدەبوو، بەڵام ئەمەی کە تیم بێرنەر کردی، دانانی زمانێکی هاوبەش بوو بۆ ئەوەی هەموو کۆمپیوتەرەکان لە جیهاندا پێکەوە ببەسترێنەوە.
 
بەپێی زانیاریەکانی ناوەندی PEW پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا تەنیا 20٪ ی ئەمریکییەکان لە ماڵ کاریان دەکرد، بەڵام ئەو رێژەیە لە دوای کۆرۆنا بەرزبووەوە بۆ 71٪ . ئێستا 54٪ ی کارمەندانی ئەمریکی دەڵێن دەیانەوێت بەردەوام بن لە کارکردن لە رێگەی دوورەوە. ئەمە هەموو بە یارمەتی تۆڕی بەرفراوانی جیهان کراوە.
 
سۆشیاڵمیدیا وەک کەرەستەیەکی بازرگانی
 
دامەزراندنی تۆڕی بەرفراوانی جیهانی رێگەی خۆشکرد بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییە گەورەکانی وەک فەیسبووک، ئینستاگرام و تویتەر. 20 سال لە دامەزراندنی ئەو سۆشیاڵمیدیانە تێپەڕیوە، بەڵام ئێستا هیچ شوێن و ناوەندێکی بازرگانی نابینی کە لە سۆشیاڵمیدیادا چالاک نەبێت و بەکاری نەهێنێت.
 
ئێستا هەموو کۆمپانیایەک بووەتە کۆمپانیایەکی میدیایی بەوپێیەی کە  کۆمپانیاکان ئێستا ماڵپەڕ و سۆشیاڵمیدیاکانیان هێندە چالاکن کە ئەو بەشەیان وەک میدیایەکی پرۆفیشناڵ کاردەکات.
 
بازرگانی ئۆنلاین  E-Commerce
 
هەرچەندە ئێستا کۆمپانیاکان بوونەتە کۆمپانیای میدیایی، بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە تۆڕی بەرفراوانی جیهانی رێگەی بۆ گەشەسەندنێکی خێرایی بازرگانی ئەلیکترۆنی خۆش کردووە. گەشەسەندنی کۆمپانیاکانی وەک ئامازۆن، شۆپیفای، ئیبەی و دەیان کۆمپانیای دیکە بەبێ هەبوونی تۆڕی بەرفراوانی جیهانی تەنیا خەون و خەیاڵ بوو.
 
گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکان  Communication
 
سرووشتی پەیوەندییەکان لەنێوان بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەر زۆر گۆڕدرەاوە. بەکارهێنەران دەتوانن بە ئاسانی لە ماڵەکانیانەوە بەرهەمهێنەر تێبگەیێنن لە داواکارییەکانیان و بەرهەمهێنەریش دەتوانێ داواکاری بەکارهێنەران رەچاو بکات. ئەمە کۆمپانیاکانی هانداوە کە خوو و داواکاری و هەستی بەکارهێنەران پێناسە بکەن و بەمەستی کاری بە بازاڕکردن کەڵکی لێوەربگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چێشتخانەکە لەسەر شێوازی خانووە قوڕە کوردەوارییەکان دروستکراوە

نانەواخانەیەکی کوردی لە ئەڵمانیا دەکرێتەوە و سەرجەم کارمەندەکانی ژنن

لە شاری کاسڵی ئەڵمانیا، لە سەرەتای ساڵی 2026 نانەواخانەیەک بە ناوی "زین تەنوور" کرایەوە، ناوەکەی لە داستانی "مەم و زین" وەرگیراوە و هەموو کارمەندەکانی کوردن.