'منداڵێکی وا بچووک چی تاوانێکی کردووە؟' چەند چیرۆکێکی نەگێڕدراوەی قوربانییانی هێرۆشیما

06-08-2025
هیوا جەمال
یادەوەریی جێماوی قوربانییانی هێرۆشیما
یادەوەریی جێماوی قوربانییانی هێرۆشیما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

تیشکێک کە چاوەکانی کوێر دەکرد و لە چرکەیەکدا جیهانی گۆڕی، لە یادەوەریی فومی تەکێشیتا دەرنەچووە، هەشتا ساڵ لەمەوبەر، تەکێشیتا تەنیا منداڵێک بوو، بەڵام لەو ساتەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەو یادەوەرییە تاڵەوە دەژی.
 
فومی تەکێشیتا قوربانیی هێرشە ئەتۆمییەکەی ئەمریکایە لە هێرۆشیما، دەڵێت: "تیشکێکی زۆر بەهێزم بینی... سپی بوو، یان بڵێم زەرد بوو؟ ئەوەندە بەهێز بوو نەمدەتوانی چاوەکانم بکەمەوە."
 
تیشکێک کە نەک تەنیا مرۆڤی کوشت، بەڵکو بەرد و ئاسنیشی تواندەوە. ئەو پاشماوانەی ئێستا ماونەتەوە، چاوەر (شایەتحاڵ)ـە بێدەنگەکانی ئەو رۆژەن. چیرۆکی زیاتر لە 140 هەزار قوربانی لە هێرۆشیما و 70 هەزار لە ناگاساکی دەگێڕنەوە.
 
لەپشت وێرانیەکانەوە، تراژیدیایەکی قوڵتر هەیە کە ونبووەکانن. لە دوورگەی نینۆشیما، رێبون کایۆ بەدوای ئێسکوپروسکی ئەو رووفاتانەدا دەگەڕێت کە هەرگیز نەدۆزرانەوە. گەڕانێک بۆ دۆزینەوەی ئارامی بۆ گیانی قوربانییان و دڵی رزگاربووان.
 
رێبون کایۆ دەڵێت، "ددانێکی بچووکی پاکی منداڵم دۆزییەوە.. منداڵێکی وا بچووک چی تاوانێکی کردووە؟ بۆچی دەبوو بەم شێوەیە بکوژرێت؟"
 
بۆ رزگاربووانی وەک تامیکۆ سۆرا، هەر پارچە ئێسکێک دەتوانێت کۆتایی بە دەیان ساڵ چاوەڕوانی بهێنێت. ئەو هێشتا یادی ئەو دایک و منداڵە دەکاتەوە کە لەناو ئاپۆرای مەرگدا بەجێی هێشتن و تائێستاش بەدوای چارەنووسی خوشک و برا ونبووەکەیدا دەگەڕێت.
 
تامیکۆ سۆرا کە خۆی رزگاربووە، دەگێڕێتەوە "ئافرەتێک، کە هەموو جەستەی سوتابوو، منداڵێکی لە باوەشدا بوو، هاواری دەکرد، 'تکایە، تەنیا ئەم منداڵە رزگار بکەن'."
 
بەڵام لەناو خۆڵەمێشدا، تۆوی هیواش دەڕوێت. لە ناگاساکی، زەنگە ونبووەکەی کڵێسای ئوراکامی، بە هەوڵی نەوەی یەکێک لە دروستکەرانی بۆمبەکە، دروستکرایەوە. هێمایەک بۆ ئاشتەوایی و دانپێدانان بە ئازارەکاندا.
 
جەیمس نۆلان، دەڵێت، "هیوای ئەوەی زەنگەکە ببێتە هێمای یەکێتی و ئاشتی لە جیهانێکدا کە پڕە لە دابەشبوون و ئازار."
 
کات دووژمنە
 
لەگەڵ گەشەی شارەکان، یادەوەرییەکان کاڵ دەبنەوە و ململانێ لەنێوان پاراستنی رابردوو و بنیاتنانی داهاتوودا دروست دەبێت. بۆ رزگاربووان، هەر دیوارێک کە دەڕوخێنرێت، بەشێک لە چیرۆکەکەیان لەگەڵ خۆیدا ون دەکات.
 
فومی تەکێشیتا دەڵێت، "ئەگەر کڵێسای ئوراکامی لانەبرایە، دەمانتوانی شتێکی هاوشێوەی قوبەکەی هێرۆشیمامان هەبووایە."
 
فومی تەکێشیتا، وەک هەزاران رزگاربووی دیکە، ئێستا لە جەنگێکی نوێدایە، جەنگ لەگەڵ کات و نەخۆشی. ئەو دەزانێت کە چاوەرە زیندووەکان نامێنن، بەڵام هیوادارە ئەم چاوەرە بێدەنگانە بمێننەوە تاوەکو چیرۆکی ئەو تیشکە بگێڕنەوە. تیشکێک کە نەک تەنیا کانزای تواندووەتەوە، بەڵکو ژیانی ئەوانەشی گۆڕی کە تاوەکو ئەمڕۆ چیرۆکەکەیان لەبیرنەچووەتەوە.
 
فومی تەکێشیتا خۆی دەڵێت کە شێرپەنجەی سیی هەیە. "وەک خۆم، رزگاربووەکان کاتێکی زۆریان نەماوە. پاراستنی شتەکان پەیامێکی بەهێزی هەیە... دەتوانێت ئەو گەرمییە بگوازێتەوە کە ئەم شتانەی تواوەتەوە، چ جای مرۆڤەکان."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: Saul Loeb/AFP

ترەمپ: بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەمەوە

دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، بیر لە بژاردەی "گورزی سەربازیی سنووردار" بۆ سەر ئێران دەکاتەوە. ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ جێگیرکردنی هێزێکی گەورەی دەریایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست