رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو محەممەد شیاع سوودانی سەردانی مۆسکۆ دەکات و رۆژانی 10 و 11ی تشرینی یەکەم لەو وڵاتە دەبێت. دەشڵێت، "ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و محەممەد شیاع سوودانی کۆدەبنەوە."
رۆژی هەینی 06-10-2023 دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی رووسیا رایگەیاند، "رۆژی 10 و 11ی ئەم مانگە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی لە مۆسکۆ دەبێت و لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە."
رۆژی سێشەممەی رابردوو 3ی تشرینی یەکەمی 2023 محەممەد شیاع سوودانی و ئیگۆر لیفیتین، یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا لە بەغدا کۆبوونەوە، لە دیدارەکەدا باسی گەشەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی هەردوو وڵات و سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووسیا کرا.
سەرۆکی رووسیا رۆژی پێنجشەممە 5ی تشرینی یەکەم لە شاری سۆچی، لە کۆڕبەندێکی پەیمانگەی یانەی دانوستاندنی ڤاڵدای قسەی کرد؛ سەبارەت بە پەیوەندیی مۆسکۆ و بەغدا و سەردانێکی داهاتووی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووسیا، لە وەڵامی پرسیارێکی د. محەممەد ئیحسان، مامۆستای زانکۆ و وەزیری پێشووی هەرێمی كوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا گوتی، "سەرۆکوەزیران دێتە ئێرە و خۆشحاڵ دەبین کە لەگەڵیاندا گفتوگۆ لەسەر هەموو ئەم پرسانە بکەین، لەنێویاندا بابەتی ئاسایشی هەرێمی و ئاسایشی نێوخۆی عێراق. بۆ ماوەی چەندین دەیە ئێمە پشتیوانیمان لە هەبوونی پەیوەندیی بەهێز و متمانەپێکراو لەگەڵ عێراق کردووە، زۆر دۆستمان لەوێ هەن، زۆریش تامەزرۆی سەقامگیریی ئەو وڵاتەین، لەسەر بنەمای ئەو سەقامگیرییە، ئابووری و بواری کۆمەڵایەتیش دەتوانن بەرەوپێش بچن."
هەروەها پووتین گوتیشی، "چاوەڕێی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران دەکەین، دڵنیام کە سەردانێکی زۆر بەرهەمدار دەبێت و لە کاتێکی زۆر گونجاودا دێت."
قەبارەی وەبەرهێنانی رووسیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە 10 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
بەهۆی ئەوەی لە ئەنجامی شەڕی ئۆکراینا رووسیا لەلایەن ئەمریکا خراوەتە ژێر سزای ئابوورییەوە، عێراق ناتوانێت قەرزی کۆمپانیا رووسییەکانی وەکو لوئۆیل و گازپرۆم بداتەوە.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتی سەردانێکی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ بەغدا لە 5ـی شوباتی ئەمساڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رایگەیاندبوو، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان کە لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی قسەیان لەسەر کردووە، قەرزی کۆمپانیا رووسییەکان بووە، کە ئەو کات وەزیرە عێراقییەکە باسی لەوە کرد، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەغدا لەگەڵ واشنتن گفتوگۆ دەکات.
22ی ئەیلوول لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و رووسیا کۆبوونەوە و "باسیان لە ئاسۆکانی پێکەوەکارکردن و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی وڵات لە چەند هەفتەی دواتردا سەردانی مۆسکۆ دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ