رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئوسترالیا کۆبووەوە و یەکێک لەو پرسانەی گفتوگۆیان لەسەر کرا ئەوە بوو سوپای پاسداران بخەنە نێو لیستی تیرۆرەوە. لەو دانیشتنەدا پەرلەمان بڕیاری دا رێگە بە حکومەتی وڵاتەکەیان بدەن سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە. بە گوتەی خۆیان، ئەمە بەهۆی هەبوونی پەیوەندی سوپاکە بە ژمارەیەک هێرش لەسەر خاکی ئوسترالیا.
رۆژی پێنجشەممە، 6ی تشرینی دووەمی 2025، پارتی کاری زۆرینە لە پەرلەمانی ئوسترالیا پڕۆژەیەکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای رووبەڕووبوونەوەی ئەو وڵاتانی پاڵپشتی تیرۆر دەکەن پێشکێش کرد.
پڕۆژەکە بۆ رێگەدان بوو بە حکومەتی وڵاتەکەیان کە لەسەر بنەمای "هەواڵگری پشتپێبەستراو" کە سوپاکە "لانیکەم پەیوەندی راستەوخۆی بە دوو" هێرشی دژە جووەوە هەیە لەسەر خاکی ئوسترالیا.
لەبارەی بڕیارەکەوە میشێل رۆولاند، داواکاری گشتیی ئوسترالیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئامانجی لە پێشینەی حکومەت سەلامەتی و پاراستنی هەموو ئوستراڵیەکانە و بەو هۆیەوەش بە جددی کارمان لەسەر تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەکە کرد".
رۆولاند دەشڵێت، ئەم بڕیارە "هۆشدارییە کە وڵاتانی بیانی و پاڵپشتیکارەکانیان کە بەدوای جیاکاری، دروستکردنی ترس و نەهێشتنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتییەوەن و تووندوتیژی لە ئوسترالیا بڵاودەکەنەوە، لێپرسینەوەیان لێدەکرێت".
ئابی ئەمساڵ، ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، سوپای پاسداران پلانداڕێژەری دوو هێرش بووە بۆ سەر دوو دامەزراوەی جووەکان لە شارەکانی سیدنی و میلبۆرن. گوتیشی، رێگەیەک دەدۆزنەوە بۆ ناساندنی سوپای پاسداران وەکو دامەزراوەیەکی تیرۆرستی. ئەو کات ئوسترالیا ئەحمەد سادقی، باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئوسترالیا دەرکرد.
مایک بەرگس، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی هەواڵگری ئوسترالیا رایگەیاند، سوپای پاسداران "تۆڕێکی ئاڵۆزی لایەنگرانی" بەکارهێناوە بۆ ئەو هێرشانە. گوتیشی، لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن کە ئایا سوپای پاسداران لە پشت هێرشی دیکەوە بووە یان نا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ