رووداو دیجیتاڵ
نانسی پێلۆسی، کەسایەتیی دیاری دیموکراتەکان و یەکەم ژن لە مێژووی ئەمریکادا، کە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وەرگرتبێت، رۆژی پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، کە لە کۆتایی ئەم خولەیدا واز لە کارەکەی دەهێنێت و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا خۆی بۆ کۆنگرێس بەربژێر ناکاتەوە.
ئەو دیموکراتە تەمەن 85 ساڵە، کە وەکو ستراتیجیستێکی سیاسیی گەورە و خاوەن ستایلێکی سەرکردایەتیی جیدی و کاریگەر سەیر دەکرێت، توانیویەتی بەردەوام دەستکەوتی گرنگ بۆ پارتەکەی بەدەستبهێنێت. لە ماوەی کارکردنیدا، پێلۆسی سەرپەرشتیی تێپەڕاندنی چەندین یاسای مێژوویی لە کۆنگرێس کرد، لەوانەش یاسای چاودێریی تەندروستی ناسراو بە "ئۆباماکەیر".
لە ساڵانی دواتری کارکردنیدا، پێلۆسی بووە یەکێک لە نەیارە سەرەکییەکانی دۆناڵد ترەمپ و لە دوو بۆنەی جیاوازدا سەرکردایەتیی هەوڵەکانی لێپرسینەوەی کرد، بە مەبەستی لەکارخستنی. لە ساڵی 2020، لە رووداوێکدا کە سەرنجی میدیاکانی جیهانی راکێشا، لە دوای تەواوبوونی گوتاری ساڵانەی دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرێس، لەبەردەم کامێراکاندا کۆپیی گوتارەکەی دڕاند و بەمەش واشنتنی تووشی شۆک کرد.
پێلۆسی، لە راگەیێندراوێکی ڤیدیۆییدا، کە بە تایبەتی ئاراستەی دەنگدەرانی شارەکەی خۆی لە سان فرانسیسکۆ کردبوو، گوتی "دەمەوێت ئێوە، هاوشاریانی خۆشەویستم لە سان فرانسیسکۆ، یەکەم کەس بن کە بزانن جارێکی دیکە خۆم بۆ کۆنگرێس بەربژێر ناکەمەوە." هەروەها گوتیشی، "بە دڵێکی پڕ لە سوپاسگوزارییەوە، چاوەڕوانی ساڵی کۆتایی خزمەتکردنم دەکەم وەکو نوێنەری شانازیتان."
پێلۆسی، کە ماوەی کارکردنی لە کانوونی دووەمی 2025 کۆتایی دێت، یەکەم ژن بوو کە سەرکردایەتیی پارتێکی سیاسیی گەورەی لە کۆنگرێسی ئەمریکا کرد و رێگەی بۆ نەوەیەکی نوێی ژنانی سیاسەتمەدار خۆشکرد. سەرەڕای ئەوەی لە تەمەنێکی تاوەکو رادەیەک درەنگدا چووە نێو کایەی سیاسییەوە، بەخێرایی لە پلەکاندا سەرکەوت و بووە یەکێک لە بەهێزترین و کاریگەرترین ژنەکانی مێژووی هاوچەرخی ئەمریکا.
ئەو لە 19یەمین خولی کارکردنیدایە و ماوەی 38 ساڵی رابردوو نوێنەرایەتیی بازنەی سان فرانسیسکۆی لە ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە، بەڵام ناوبانگی جیهانیی ئەو بەتایبەتی بەهۆی لێهاتووییە سیاسییەکانی لەسەر ئاستی نیشتمانییەوەیە، کە بۆ ماوەی دوو دەیەی یەک لەدوای یەک سەرکردایەتیی دیموکراتەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران کرد.
کۆمارییەکان و رەوتی پارێزگار لە ئەمریکا، بەردەوام وەکو هێزی بزوێنەری چینی دەستبژێری لیبراڵی رۆشنبیر وێنایان دەکرد، کە گوایە پشتی لە بەها تەقلیدییەکانی ئەمریکا کردووە و کار بۆ تێکدانی بنەماکانی کۆمەڵگە دەکات.
"هیچ شەرەفێک لەوە گەورەتر نییە"
پێلۆسی، کە نەوەی کۆچبەرانی ئیتاڵییە، لە شاری بالتیمۆر لەدایکبووە، کە باوکی، تۆماس دالیساندرۆ، بۆ ماوەیەک سەرۆکی شارەوانی و ئەندامی کۆنگرێس بووە. هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە، باوکی فێری "سیاسەتی تاکەکەسی" و گرنگیی پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ خەڵکدا کردبوو.
ئادەم شیف، هاوکارێکی لە شاندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کالیفۆرنیا پێش ئەوەی بچێتە ئەنجوومەنی پیران، لەبارەیەوە گوتی، "نانسی پێلۆسی وەکو مەزنترین سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە مێژووی ئەمریکادا تۆمار دەکرێت، ئەمەش دەرەنجامی سووربوون، زیرەکیی بێوێنە، لێهاتوویی ستراتیجی و داکۆکیکردنی سەرسەختانەیەتی لە بەها دیموکراتییەکان."
پێگەی پێلۆسی، وەکو کەسایەتییەکی رقلێبووەوە بۆ لایەنی راستڕەو بە روونی دەرکەوت، کاتێک لە کاتی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی 2022، هێرشبەرێک کە بە گوتەی پۆلیس بەدوای خودی سەرۆکی ئەنجوومەندا دەگەڕا، بە چەکوش هێرشێکی تووندی کردە سەر پاوڵی هاوژینی لە ماڵەکەی خۆیاندا لە سان فرانسیسکۆ.
لە کاتی هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی 2021دا، لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، نووسینگەکەیان تاڵان کرد و جەماوەرێکی تووڕە درووشمی "نانسی لە کوێیە؟"یان دەگوتەوە.
پێلۆسی، دوای ئەو رووداوە بەخێرایی کاری کرد بۆ مسۆگەرکردنی دووەم لێپێچینەوەی کۆنگرێس لە ترەمپ، کە بە "سەرۆکی شێت، تێکچوو و مەترسیداری ئەمریکا" ناوی برد.
دەستکەوتە یاسادانانەکانی بریتین لە تێپەڕاندنی چاکسازییە سەرەکییەکانی ئۆباما لە بواری تەندروستیدا، هەروەها پاکێجە ئابوورییە گەورەکان دوای هەردوو قەیرانی دارایی ساڵی 2008 و پەتای کۆڤید 19.
پێلۆسی، گوتی: "هەمیشە بە هاوکارەکانم لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێم، گرنگ نییە چ نازناوێکیان پێبەخشیوم، سەرۆک، رێبەر، سەرپەرشتیاری فراکسیۆن، هیچ شەرەفێک بۆ من لەوە گەورەتر نەبووە، کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بوەستم و بڵێم، من نوێنەرایەتیی خەڵکی سان فرانسیسکۆ دەکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ