پەرلەمانی ئەوروپا یەکەم پڕۆژە یاسای پەیوەست بە ژیریی دەستکرد تاوتوێ دەکات

06-12-2023
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ پەرلەمانی ئەوروپا پڕۆژە یاسای ژیریی دەستکرد تاوتوێ دەکات کە ئەگەر پەسند بکرێت، دەبێتە یەکەم یاسای نێودەوڵەتی ئەو بوارە.
 
پڕۆژە یاسای ژیریی دەستکردی ئەوروپا بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 پێشنیازکرا، بەڵام نێوەڕۆکەکەی بەهۆی ناکۆکی لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی دەستکەوتەکانی پەیوەست بە ژیریی دەستکردەوە، گۆڕانکاری بەردەوامی تێداکرا.
 
لە کاتێکدا وڵاتە ئەوروپییەکان دەیانەوێت پەرەسەندنەکانی بواری ژیریی دەستکرد رێکبخەن و یاسا و رێسای بۆ دابڕێژن، کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا لۆبی دەکەن بۆ ئەوەی یاسای لەو چەشنە دانەنرێت بەوپێیەی کە پێیانوایە، دانانی بەربەستی یاسایی داهێنان لە بواری ژیریی دەستکرد دەکوژێت.
 
رەشنووسی پرۆژە یاسای ژیریی دەستکرد دواجار لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەوروپا، باڵی جێبەجێکاری یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2021 خرایەڕوو. لەو رەشنووسەدا باس لە چوار ئاستی مەترسی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد کراوە لە کەمترین ئاستی مەترسی تاوەکو مەترسی پەسند نەکراو.
 
ئۆرسۆلا ڤاندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەڵێت، "کاری هەرە لە پێشینەی ئێمە ئەوەیە دڵنیا ببینەوە ژیریی دەستکرد بەشێوازێک بێت کە مرۆڤ چەقی بابەتەکە بێت و بە شێوازێکی بەرپرسیارانە پەرەی پێبدرێت. لەبەرئەوەیە من داوام کردووە لە ماوەی 100 رۆژدا یاسا و رێسای بۆ دابنرێت".
 
بەگوێرەی شرۆڤەکاران، ئەو کاتەی کە رەشنووسی پرۆژە یاساکەی کۆمیسیۆنی ئەوروپا راگەیەندرا هەندێ پێشکەوتنی بەرچاوی بواری ژیریی دەستکرد، وەک (سیستمی ژیریی دەستکردی گشتی) دروستنەکرابوو.
 
نیک رەینەر، شرۆڤەکارێکی تەکنەلۆجیا سەر بە گرووپی ئوراسیا لەو بارەیەوە دەڵێت، بیروڕای جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی کە چۆن مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد کۆنترۆڵ بکرێت.
 
ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت، برۆکسل پێیوایە ئەو کۆمپانیایانەی لەو بوارەدا کاردەکەن دەبێت ئەو زانیارییانەی کە لە راهێنان بە ئەلگۆریسمی سیستمە ژیرەکان بەکاردەهێنرێن لەلایەن کۆمپانیاکانەوە زۆر بە روونی ئاشكرابکرێن.
 
نیک رەینەر ئەو پرۆسەیە دەچوێنێت وەک ئەوەی چۆن کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی کەرەستەی مەیک ئاپ ناچارن هەموو زانیارییە تەندروستییەکان سەبارەت بەو کەرەستانە لەرووی تەندروستییەوە بۆ بەکارهێنەران بخەنەڕوو، وەهاش کۆمپانیاکانی بواری ژیریی دەستکرد ناچاردەکرێن ئەلگۆریسم و چۆنییەتی مامەڵەی سیستمە ژیرەکان لەگەڵ زانیاری و داتای تاکەکەسی بخەنەڕوو.
 
هاوکات، بێرناردۆ بێنێفەی، پەرلەمانتاری ئەوروپا باس لەوە دەکات، "پێموایە ئەمڕۆ مێژوومان تۆمارکرد. توانیومانە بناخەیەک دابنێین بۆ دیالۆگێک کە پێویستە بۆ ئەوەی ژیرییەکی دەستکردی بەرپرسیارانە لە جیهاندا هەبێت".
 
لەسەر ئاستی جیهانیدا نیگەرانی هەیە کە ژیریی دەستکرد خراپ بەکاربێت و بۆ نموونە بەکاربهێنرێت بەمەبەستی ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوانی سایبێری، یان بۆ مەبەستی بۆمبی بایۆلۆجی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە