دوو رۆژنامەڤان لە هایتی بە دەستی باندە چەکدارەکان دەکوژرێن

07-01-2022
دڵزار زوبێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژنامەڤان لە هایتی بە دەستی باندە چەکدارەکان لە دەوروبەری پۆرتۆ پرینسی پایتەخت کوژران، ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەدوای شەش مانگ لە تیرۆرکردنی سەرۆکی هایتی، ئەو وڵاتە بە قەیرانێکی ئەمنیی بەردەوامدا تێپەڕدەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 6-1-2022 رادیۆی ئیکۆت ئێف ئێمی هایتی رایگەیاند کە دوو رۆژنامەڤانە کوژراوەکە ناویان ویلگێنس لویسسەینت و ئامادی جۆن وێسلی یە. گوتیشی کە رۆژنامەڤانی سێیەم لەگەڵ ئەواندا بووە، بەڵام توانیویەتی خۆی لە دەستی چەکداران رزگاربکات.
 
فرانکی ئەتیس، بەڕێوەبەری گشتیی رادیۆکە کە هاوکات وێسلی کاری تێدادەکرد "بە تووندی" سەرکۆنەی کردەوە "وەحشیگەری و تاوانکارەکەی" کرد و گوتی کە کە ئەوانە هێرشی جیددین بۆ سەر مافی ژیان و ئەو رۆژنامەڤانانەی "بە ئازادانە" لەو وڵاتەدا کاری خۆیان دەکەن.
 
رادیۆکە کە بنکەی سەرەکیی لە شاری مۆنتریالی کەنەدایە داوای لە حکومەتی هایتی کرد بە شێوەیەکی "بەرپرسانە" بجووڵێتەوە بۆ ئەوەی هەلومەرجی ئاسایش بۆ هەموو کەسێک دابین بکات. 
 
هایتی وڵاتێکی کاریبییە و دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کیشوەری ئەمریکای نێوەڕاست. ماوەیەک دەبێت باندە چەکدارەکان لەو وڵاتەدا بەنێو گەڕەکە هەژارنشینەکانی شاری پرۆتۆ پرینسدا دەگەڕێن و "رفاندن، دزیکرد و کوشتن ئەنجامدەدەن."
 
ناوچەی لابۆل 12 کە هاوکات ئەو ناوچەیەیە کە رۆژی پێنجشەممە ئەو سێ رۆژنامەڤانە کاریان تێدادەکرد، بووەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتی باندە چەکدارەکان و هەریەکە دەیەوێت ناوچەکە بە هێزی چەک کۆنترۆڵ بکات. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو رێگەیەی بەو ناوچەدا دەڕوات، جگە لە رێگەی سەرەکی و فەرمی، تاکە رێگەیە کە بەشی باکووری وڵاتەکە بە بەشی باشووری بگەیێنێت، ئەو رێگەیە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە لەلایەن بەهێزترین باندەکانی هایتییەوە کۆنترۆڵکراوە. 
 
بەر لە شەش مانگ، جۆڤێنێڵ مۆیس، سەرۆکی ئەوکاتی وڵاتەکە لە شوێنی مانەوەی خۆی لە پۆرتۆ پرینسی پایتەخت تیرۆرکرا، بەوەش قەیرانی سیاسیی و ئەمنیی قووڵتربووەوە و بۆ حکومەت قورستربوو قەیرانەکان چارەسەر بکات. 
 
لە هایتی رفاندن بووەتە دیاردە، بەشێوەیەک بەگوێرەی رێکخراوی شیکاری و توێژینەوە لە مافەکانی مرۆڤ کە بنکەی سەرەکیی لە پایتەختی ئەو وڵاتەیە، تەنیا لە ساڵی 2021 دا لانیکەم 950 رووداوی رفاندن تۆمارکراون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە