رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە وەڵامی پرسیارێکی زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەڵمانیا سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، رایگەیاند "بە نیگەرانیی زۆرەوە" چاودێریی دۆخەکە دەکەن و داوا دەکەن دەستبەجێ شەڕ رابگیرێت.
رۆژی چوارشەممە، 07-01-2026، گوتەبێژێک لە نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، سەبارەت بە گرژییەکانی حەلەب لە رێگەی ئیمەیڵەوە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
لە وەڵامەکەدا هاتووە: "ئێمە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ هەواڵی پێکدادانی تووندوتیژانە و قوربانییە سڤیلەکان لە حەلەب و دەوروبەری دەکەین."
حکومەتی بەرلین داوا لە هەسەدە و حکومەتی سووریا دەکات شەڕ بوەستێنن و دەڵێت: "بانگی هەموو لایەنەکان دەکەین بۆ ئەوەی شەڕ رابگرن و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن."
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا جەخت دەکاتەوە کە "ئاشتی و سەقامگیری لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا تەنیا لە رێگەی رێککەوتنە سیاسییەکانەوە بەدەست دێت."
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەدا بۆ رووداو، ئەڵمانیا ئاماژە بە رێککەوتنی نێوان لایەنەکان دەکات و دەڵێت: "بۆ ئەم مەبەستە، لە ئاداری ساڵی 2025 رێککەوتننامەیەک هەیە کە دەبێت ئێستا بە خێرایی جێبەجێ بکرێت."
لە رۆژی سێشەممەوە (06-01-2026) شەڕێکی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ و سوپای عەرەبیی سووریا دەستیپێکردووە. بەپێی دوایین ئاماری ئاسایشی حەلەب، 7 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 54 کەسی دیکە بریندار بوون. تەندروستیی حەلەب کوژرانی 5 سڤیل و برینداربوونی 27ـی دیکەی لە گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت (وەک مەیدان) راگەیاند؛ وەزارەتی بەرگریش کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 5ـی دیکەی پشتڕاستکردەوە.
دەقی وەڵامەکە:
"ئێمە بە نیگەرانییەکی گەورەوە بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵانە دەکەین سەبارەت بە پێکدادانی تووندوتیژ و قوربانییانی سڤیل لە حەلەب و دەوروبەری. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین شەڕ رابگرن و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن. ئاشتی و سەقامگیری لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا تەنیا لەڕێگەی رێککەوتنی سیاسییەوە بەدەست دێت. بۆ ئەم مەبەستەش، لە ئاداری ساڵی رابردووەوە رێککەوتنێک لە ئارادایە، کە دەبێت ئێستا بە خێرایی جێبەجێ بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ