رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس "نیگەرانییەکی قووڵی" هەیە بەرامبەر پەرەسەندنی گرژییەکان لە حەلەب و کوژران و برینداربوونی مەدەنییەکان. دەشڵێت: "نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ حکومەتی سووریا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە."
ستیڤان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دا و لە وەڵامی پرسیارەکانی نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، تیشکی خستە سەر پێشهاتە سەربازییەکانی باکووری سووریا و رایگەیاند: "سکرتێری گشتی نیگەرانە لەو راپۆرتانەی باس لە کوژران و برینداربوونی خەڵکی مەدەنی دەکەن بەهۆی پێکدادانەکان لە حەلەب. نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی دەکاتەوە کە پاراستنی مەدەنییەکان و ژێرخانە مەدەنییەکان ئەرکی هەموو لایەنەکانە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان."
دووژاریک داوای لە لایەنە "شەڕکەرەکان" کرد "دەستبەجێ گرژییەکان کەم بکەنەوە و زۆرترین ئاستی دانبەخۆداگرتن بنوێنن" بۆ ئەوەی زیانی زیاتر بە خەڵکی مەدەنی نەگات. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان بۆ جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنی 10ی ئازار.
"پێویستە هەسەدە و حکومەت دەست بە دانوستان بکەنەوە"
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکانی دا بۆ رووداو، سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی حکومەتی سووریا لەلایەن بەرپرسانی کوردەوە بە ئەنجامدانی "شەڕی قڕکردن" لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب (شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە) و ناساندنیان وەک "ناوچەی سەربازیی داخراو"، دووژاریک گوتی: "ئێمە دەستمان بەو ناوچانە ناگات، بەڵام زۆر نیگەرانین لەو گوتارانە و لەوەی لەسەر زەوی روودەدات."
گوتەبێژی سکرتێری گشتی ئاماژەی بەوەش کرد، نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات "رێگەیەک بۆ دانوستان لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریادا بدۆزرێتەوە" بۆ کۆتاییهێنان بەم ئاڵۆزییانە.
پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق
سەبارەت بەوەی ئایا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریاوە کردووە (وەک ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکارییەکان لە دەسەڵات یان ناوچەکە)، دووژاریک گوتی: "ئاگادارتان دەکەمەوە ئەگەر هەر پەیوەندییەک لەو ئاستەدا هەبێت، بەڵام دەتوانم بڵێم کەسانی دیکە لە ناو سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ حکومەت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ