ئاندی کیم و گریگۆری میکس بۆ رووداو: پێویستە مافی کورد و کەمینەکان لە سووریا بپارێزرێت

دوێنێ کاژێر 12:06
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاندی کیم، سیناتۆری ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت، "وەک کەسێک کە ماوەیەکی زۆر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کارم کردووە و لە نزیکەوە لەگەڵ پێکهاتە کوردییەکان و کەمینەکانی دیکە بووم، زۆر نیگەرانی ئەو تووندوتیژییەم کە ئێستا هەیە."
 
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵدەدەن لە کۆنگرێس چاودێریی وردی دۆخەکە بکەن و گوتی: "پێویستە شەفافییەت هەبێت لەوەی لە حەلەب روودەدات، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئاستی تووندوتیژییەکە کەم بکەینەوە و لە سەلامەتیی هاووڵاتییان دڵنیابینەوە، هەرچەندە دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە."
 
لەبارەی ئەوەی ئایا ئەمریکا دەتوانێت رێگری لە هێرشەکانی حکومەتی سووریا بکات، ئاندی کیم گوتی: "ناتوانین گەرەنتی 100٪ بدەین، بەڵام گرنگە ئەم بابەتە لەگەڵ کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و لە نێو کۆنگرێسدا بەرز بکەینەوە. کاتێک بەرپرسانی سووریا داوای یارمەتی لە ئەمریکا دەکەن بۆ هەڵگرتنی سزا یان هەر هەنگاوێکی دیکە، پێویستە بزانن کە مەرجی ئێمە پاراستنی پێکهاتەکانە، لەنێویاندا کورد."
 
 
دەقی قسەکانی ئاندی کیم
 
"من نیگەرانم لە ئاستی ئەو تووندوتیژییەی کە لەو ناوچەیەدا دەیبینین. من ئەمە وەک کەسێک دەڵێم کە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کارم کردووە؛ کاتێکی زۆرم بە کارکردن لەگەڵ پێکهاتە کوردییەکان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها پێکهاتەکانی دیکەی کەمینەکان بەسەر بردووە. بۆیە بەردەوام دەبم لەوەی دڵنیابمەوە کە چاودێری هەبێت، هەروەها شەفافییەت هەبێت لەوەی چی روودەدات، تاوەکو بتوانین هەرچی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆ کەمکردنەوەی ئەم تووندوتیژییە و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی بەپێی توانا. بەڵام ئەمە بارودۆخێکی زۆر قورسە؛ پێکهاتەی جیاواز و زۆر هەن، سنووردارکردنێکی زۆریش هەیە بۆ ئەو ئاسایشەی کە ئێستا دەکرێت دابین بکرێت، هەر لەبەر ئەوەشە من نیگەرانی مەترسییەکانی ناو ئەو ناوچەیەم."
 
"ئێمە ناتوانین گەرەنتی و دڵنیایی 100٪ بدەین، بەڵام هەر لەبەر ئەوەیە گرنگە بەردەوام بین لە ورووژاندنی پرسی دابینکردنی سەلامەتی. بۆیە کاتێک کۆبوونەوە لەنێوان کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە و بەرپرسانی سووریا دەبێت، یان ئەگەر ئەوان بێنە بەردەم کۆنگرێس، پێویستە ئەو گفتوگۆیانەمان هەبێت تاوەکو بزانن کە ئەم بابەتە بۆ ئێمە گرنگە. لە کاتێکدا حکومەتی سووریا سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و داوای هاوکاریمان دەکات لە چەندین هەنگاوی جیاوازدا، جا چ لەبارەی سووککردنی سزاکان بێت یان هەنگاوەکانی دیکە؛ پێویستە ئەوان بزانن کە ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیبینین بریتییە لە پاراستنی پێکهاتە جیاوازەکان، لەوانەش پێکهاتە کوردییەکان و ئەوانی دیکە، تاوەکو نیشانی بدەن کە ئەمە حکومەتێکە بەدوای دروستکردنی ئاشتییەکی گەورەترەوەیە، نەک دەستپێکردنی شەڕی زیاتر."
 
هاوکات گریگۆری میکس، ئەندامی دیموکراتەکان و رانکینگ مێمبەری لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، سەبارەت بە هێرشەکەی سەر کوردانی حەلەب بە رووداوی گوت: "ئومێدەوارم ئاشتی و ئازادی بۆ تەواوی سووریا بگەڕێتەوە". دەشڵێت، کار دەکەن بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەنە شوێنێکی سەلامەتتر.
 
میکس جەختی لەسەر مافی کەمینەکان کردەوە و رایگەیاند کە پێویستە هەموو پێکهاتەکان بەشدارییان پێبکرێت و بەیەکەوە لە حکومەتی سووریادا کار بکەن، گوتیشی: "ئێمە چاودێری ئەم پرسە دەکەین."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گریگۆری میکس:
 
رووداو: هێرشێک هەبوو بۆ سەر دوو گەڕەکی کوردی لە شاری حەلەب لە سووریا. هەشت هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار بوون. هەڵوێستت چییە لەسەر ئەم پرسە؟ 
 
گریگۆری میکس، رانکینگ مێمبەری لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران: ئومێدەوارم کە تەواوی سووریا بگەڕێتەوە سەر دۆخێکی ئاسایی و کەمێک لە دۆخێکی پڕ ئاشتی و ئازادی دابێت بۆ هەموو سوورییەکان. هەوڵدەدەین هەموو هاوکاری لایەنەکانی ناوچەکە بکەین بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەینە شوێنێکی سەلامەتتر و گشتگیر. زۆر گرنگە ئەمە جێبەجێبکرێت. ئەمە بۆ ئەوەی برینەکانی سەردەمی دیکتاتۆری پێشوو ئەسەد چارەسەربکرێن. 
 
رووداو: هیچت هەیە لەسەر مافی کەمینەکان؟
 
گریگۆری میکس، رانکینگ مێمبەری لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران: دەمەوێت کەمینەکان مافیان هەبێت و پێویستە هەیانبێت. ئێمە چاودێری ئەمە دەکەین. زۆر گرنگە بۆ من کە ئەمە بوونی هەبێت و هەمووان بەشدارییان پێبکرێت و بەیەکەوە کار لە حکومەتی سووریادا بکەن. ئەمە زۆر گرنگە بۆ من. 
 
رووداو: سوپاس 
 
گریگۆری میکس: سوپاس.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ و پێترۆ گوستاڤۆ.

ترەمپ و پێترۆ؛ لە هەڕەشەی سەربازییەوە بۆ بانگهێشتنامەی کۆشکی سپی

دوای چەند مانگێک لە ئاڵۆزی و بەخشینەوەی تۆمەت و هەڕەشە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنییان ئەنجامدا. ترەمپ دەڵێت "لە داهاتوویەکی نزیکدا" پێترۆ لە کۆشکی سپی دەبینێت.