رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز لە بەغدا بیسترا، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێک بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کراوەتە ئامانج و سێ کەس لە هێرشەکەدا کوژراون، لەبارەی ئەو رووداوەشەوە بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند، "پێنتاگۆن بە رووداوی گوتووە، ئاگاداری تەقینەوەکانی بەغداین، بەڵام هێشتا شتێک نییە رایبگەیەنین."
شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، لە کاژێر 21:25 خولەک بە کاتی هەولێر دەنگی سێ تەقینەوە لە بەغدا بیستران، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو، "پەنجەی تۆمەت بۆ ئەمریکا درێژکراوە لە بەرامبەر ئەو رووداوەدا."
لەبارەی رووداوەکەوە گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن -ی راگەیاند، ئەوان لەڕێگەی ئەو راپۆرتانەی بەدەستیان گەیشتوون و لە میدیاکانەوە بینیویانە، ئاگاداری تەقینەوەکانی بەغدان، بەڵام هێشتا هیچ شتێک نییە لەوبارەوە رایبگەیێنن."
لە رووماڵی رووداو بۆ هێرشەکەی بەغدا دیار کوردە گوتی، تاوەکو ئێستا ئەمریکا بە فەرمی پشتراستی نەکردووەتەوە هەروەها رەتیشی نەکردووەتەوە ئەوان هێرشەکەیان ئەنجامدابێت.
بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن باسی لەوەشکرد، "ئەگەر هێرشەکە ئەمریکا ئەنجامی دابێت، چاوەڕێی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم دەکەن تاوەکو راپۆرت بنێرن بۆ وەزارەتی بەرگری، دواتر پێکەوە راگەیێندراوی هاوبەش بڵاودەکەنەوە."
"پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئەمریکا دەکرێت"
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، "ئێستا پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئەمریکا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە"، دیار کوردە دەڵێت، ئەو گوتەبێژەی پێنتاگۆن گوتوویەتی، کە لە دوایین زانیاریی ئاگاداریان دەکەنەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە پێشووتر، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەدوای هێرشەکەی رۆژی شەممە بۆ سەر پێگەکانی سوپای پاسداران گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا رایگەیاندبوو، ئەو هێرشانە سەرەتان و هێرشی دیکەش ئەنجامدەدەن.
لە وەڵامی ئەوەی ئایا هیچ بەرپرسێکی ئەمریکی لێدوانی بۆ میدیاکان داوە لەبارەی هێرشەکەی ئەمشەوی بەغدا، دیار کوردە گوتی، "لە هیچ میدیاکانی جیهان هیچ بەرپرسێک ئاماژەی بە هێرشەکە نەداوە و تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەوبارەیەوە نییە."
🔴بەپەلە؛ ڤیدیۆی ئەو ئۆتۆمبێلە گەیشت کە کەمێک پێش ئێستا لە بەغدا کرایە ئامانج pic.twitter.com/04DVULkW91
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 7, 2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ