رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، کۆچبەران لە بەری فەرەنساوە زانیاریی پێویستی یاساییان نادرێتێ و پشتگوێ خراون؛ بۆیە زۆرترینیان لە فەرەنسا داوای مافی پەنابەری ناکەن.
کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و باسی ئەو کۆچبەرانە (پێش پەڕینەوەیان بۆ بەریتانیا) دەکات. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی ئەمبەری ئاو (فەرەنسا) بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی پاراستنیان هەیە وەکو پەنابەر، بەڵام لە فەرەنسا وەکو پێویست لەوبارەیەوە زانیارییان نادرێتێ.
وەکو UNCR باسی دەکات، ئەوەش کارەساتی بەدوادا هاتووە و تەنیا ساڵی رابردوو 85 کەس لە سنووری ئاویی نێوان فەرەنسا و بەریتانیادا خنکاون.
رێکخراوەکە چووەتە ناوچەی (کالێ)ی فەرەنسا و قسەی لەگەڵ ئەوانە کردووە کە دەیانەوێت بپەڕنەوە بۆ بەریتانیا. لە هەر چوار کەس سێ کەسیان گوتوویانە داوای مافی پەنابەرییان نەکردووە لە فەرەنسا.
لیژنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆی دەرکەوتووە، ئەوانە هەموویان لەو وڵاتانەوە دێن کە شەڕ و ئاژاوەیان تێدایە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی ئەوەیان هەیە دەوڵەتی فەرەنسا بیانپارێزێ و مافی پەنابەرییان بداتێ.
لە داتاکانی نێو راپۆرتەکەدا دەردەکەوێت، ئێستا زۆرتر کۆچبەرانی خەڵکی سوودان لەو ناوچەیەی فەرەنسان و 40%ی کۆچبەرانی ئەوێ پێکدەهێنن.
هەروەها کۆچبەرانی رۆژئاوا و باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، هاووڵاتییانی سووری و عێراقی و ئێرانی لەنێوان 4% بۆ 9% کۆچبەرانی ناوچەی کالێ پێکدەهێنن.
هەرچەندە پارتە راستئاژۆ و دژە کۆچبەرەکان لە وڵاتانی ئەورووپا دەڵێن، زۆربەی کۆچبەران بۆ پارە و گۆڕینی دۆخی ئابوورییان دێنە ئەورووپا، بەڵام راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، تەنیا 15%ی ئەوانەی قسەیان لەگەڵ کردوون بۆ گۆڕینی باری ئابوورییان هاتوون، ئەوانی دیکە لەبەر هۆکاری سیاسی و لە ترسی تووندوتیژیی سیاسی و ئەتنیکی و ئایینی وڵاتەکانیان بەجهێشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ