رووداو دیجیتاڵ
داتاکانی حکومەتی بەریتانیا دەریدەخەن، کۆچبەران رۆژانی شەممە و یەکشەممەی هەموو هەفتەیەک زۆرترین هەوڵی پەڕینەوە لە فەرەنساوە بۆ ئەوبەری ئاو دەدەن. تەنیا ئەم هەفتەیە نزیکەی 400 کەس بە 7 بەلەم پەڕیوونەتەوە.
وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا زانیاریی سەرنجڕاکێشی ئاشکرا کردووە، داتاکانی سەبارەت بە کاتەکانی هاتنی کۆچبەرانی بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بۆ نێو بەریتانیا خستووەتەڕوو؛ لەو داتایانەدا دەردەکەوێت کە 40%ی کۆچبەران رۆژانی شەممە و یەکشەممەی هەموو هەفتەیەک دەگەنە نێو ئەو وڵاتە.
وەزارەتەکە ئاشکرای کردووە، ساڵی 2024 بەگشتی 38 هەزار و 816 کۆچبەر بە بەلەمی بچووک هاتوونەتە ئەو وڵاتە؛ لەوانەش 8421 کەسیان رۆژانی شەممە چوون (واتە شەوی هەینی لەسەر شەممە دەرچوون)، 6133 کەسیش رۆژانی یەکشەممە گەیشتوون. رۆژانی دووشەممە بە درێژایی ساڵەکە 2963 کۆچبەر پەڕیونەتەوە.
هۆکاری ئەوەش کە کۆچبەران لە کۆتایی هەفتەدا باشتر دەردەچن، بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە، پۆلیسی فەرەنسی و هێزی پاراستنی سنوور رۆژانی کۆتایی هەفتە ستافی کەمتریان لەسەر سنووری ئاوی لەگەڵ بەریتانیا هەیە.
فەرەنسا بە تووندی ئەوە رەتدەکاتەوە و رایگەیاندووە، دەرچوونی زۆرتری کۆچبەران لەو کاتانەدا هیچ پەیوەندیی بە کەمیی ستافی سنوورپارێزیی فەرەنسییەوە نییە.
بەپێی زانیارییەکانی دیاسپۆرا، ئەم هەفتەیە 391 کۆچبەر بە 7 بەلەم گەیشتوونەتە بەریتانیا. زۆرترینیان رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە گەیشتوون، کە هەر جارەی نزیکەی 150 کۆچبەر بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ