رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "پێویست ناکات لە جێبەجێکردنی پلانی غەززەدا پەلە بکەین"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەیەوێت قسە لەگەڵ سەرۆکەکانی رووسیا و ئۆکراینا بکات بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان سوپای وڵاتەکانیان.
رۆژی هەینی 07-02-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە شیگێرو ئیشیبا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کرد.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان لەبارەی غەززە، ترەمپ گوتی: "[بۆ غەززە] بە هیچ جۆرێک پێویستمان بە سەرباز نابێت، لایەنی دیکە گرنگی بەوە دەدەن. وەبەرهێنانەکانیش لە رێگەی لایەنی دیکەوە دەکرێن، کەواتە بە هیچ جۆرێک هیچ وەبەرهێنانێک ناکرێت. سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە و لایەنی دیکە دەتوانن دواتر لەوێ وەبەرهێنان بکەن، بەڵام ئێمە هیچ پەلەمان نییە؛ بە هیچ جۆرێک پەلەمان نییە."
رۆژی 04-02-2025 دۆناڵد ترەمپ پێشوازی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، بیرۆکەی ئەو بۆ غەززە ئەوەیە، وڵاتانی ناوچەکە غەززەییەکان وەربگرن و ئەمریکا دەست بەسەر ئەو کەرتەدا بگرێت و بیکاتە ناوەندێکی نێودەوڵەتیی بازرگانی.
ئەو بیرۆکەیەش ناڕەزایەتی لە بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی رۆژئاوایی بەدوادا هات.
سەرۆکی ئەمریکا پرسیاری لەبارەی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا لێکرا و گوتی: "ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ سەرۆک زیلینسکی کۆببەمەوە؛ ئەگەریشی هەیە قسە لەگەڵ سەرۆک پووتین بکەم. پێم خۆشە کۆتایی ئەو جەنگە ببینم."
لەبارەی شوێن و کاتی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "دەکرێت هەفتەی داهاتوو لەگەڵی [زیلینسکی] کۆببمەوە؛ هەرکاتێک ئەو بیەوێت. من لێرەم، دەکرێت [کۆبوونەوەکە] لە واشنتن بێت. من ناچمە ئەوێ."
پێش ئەوەی وەک سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێت، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەتوانێت لەماوەی 24 کاژێردا جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بووەستێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ