سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ نەتەنیاهوو: ئاشتی لە رێگەی هێزەوە بەدیدێت

07-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت، ترەمپ و نەتەنیاهوو لەوە تێدەگەن کە ئاشتی لە رێگەی هێزەوە بەدەستدێت. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت، "هاوپەیمانێتیی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا هیچ کات هێندەی ئێستا بەهێز نەبووە."
 
رۆژی هەینی 07-02-2025 مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی پێشوازیی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد.
 
جۆنسن گوتی، "ئەمڕۆ گفتوگۆمان لەسەر ئەو پەیوەندییە تایبەتە کرد کە لەنێوان دوو وڵاتەکەمان هەیە، سوپاسی سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو دەکەم بۆ ئەو پابەندییە بەردەوامەی بۆ سەلامەتیی ناوچەکە و جیهان هەیەتی."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش گوتی، "هاوپەیمانیی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا لەنێوان دوو حکومەتدا نییە، بەڵکو لەنێوان دوو نەتەوەدایە."
 
نەتەنیاهوو سوپاسی ئەمریکای کرد کە دەستبەجێ ئەو چەکانەی بۆ ئیسرائیل نارد کە پێشتر راگیرابوون و گوتی، "بۆ شەڕکردنی داهاتوومان، بۆ بوونمان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە 7 بەرەوە پێویستمانە."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گوتیشی، "هەروەک سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو رۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی گوتی، کاتێک دووژمنەکانمان رۆشناییەک لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دەبینن، تێکی دەدەن. هەموومان دەزانین ئەوە راستە، هەر لەبەر ئەمەشە سەرکردایەتییەکی بەهێز و یەکلاییکەرەوە لەم کاتەی ئێستادا زۆر گرنگە. سەرۆک ترەمپ و سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو لەوە تێدەگەن کە ئاشتی لە رێگەی هێزەوە بەدیدێت، نەوەک مەراییکردن و پشتکردن لە هاوپەیمانەکانمان."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش باسی ئەوەی کرد، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆیان لەسەر ئەوە کردووە "ئێران هەرگیز ناتوانێت چەکی ئەتۆمیی هەبێت، هەروەها دڵنیابوونەوە لەسەر ئەوەی حەماس لەنێوبراوە. غەززە هیچ داهاتوویەکی نابێت، ئەگەر حەماس هەر لەوێ بمێنێتەوە."
 
رۆژی 04-02-2025 ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازی لە نەتەنیاهوو کرد.
 
لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی دوای کۆبوونەوەکەیان، ترەمپ گوتی ئەمریکا دەست بەسەر غەززەدا دەگرێت و خەڵکەکەشی دەنێردرێتە وڵاتانی دراوسێی غەززە، لەوانەش میسر و ئوردن.
 
رۆژێک دوای کۆبوونەوەکەیان، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ گوتی: "دەمەوێت ئێران ببێتە وڵاتێکی مەزن و سەرکەوتوو، بەڵام وڵاتێک کە نەتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. پێم باشە رێککەوتنێکی پشتڕاستکراوەی ئاشتیی ئەتۆمی بکرێت کە رێگە بە ئێران بدات گەشە بکات و خۆشگوزەران بێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.