وەزیری دەرەوەی ئێران: جەنگ رووبدات هێرش ناکەینە سەر وڵاتانی دراوسێ

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران ''سفر'' پیتاندنی یۆرانیۆم و سنووردارکردنی توانای مووشەکیی وڵاتەکەی رەتدەکاتەوە و دەشڵێت، ئەگەر جەنگ رووبدات، هێرش ناکەنە سەر وڵاتانی دراوسێیان، ''بەڵکو تەنیا هێرش دەکەینە سەر بنکە ئەمریکییەکانی نێو ئەو وڵاتانە.''
 
رۆژی شەممە،07-02-2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا تیشکی خستە سەر دانوستاندنەکەی دوێنێی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا کە لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو.
 
عەباس عێراقچی ئاماژەی بە ''ناڕاستەوخۆبوون''ـی دانوستاندنەکە کرد و رایگەیاند: "گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتن دەستپێکێکی باش بوون و رێگەیەکی دوورودرێژمان بۆ دروستکردنی متمانە لەپێشە."
 
بەگوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، گفتوگۆکان تەنیا لەسەر پرسی ئەتۆمی بوون و توانای مووشەکی یان هیچ پرسێکی دیکەیان نەخستووەتە نێو ئەجێندای دانوستاندنەکانەوە.
 
''یۆرانیۆمی پیتێندراو لە ئێران نابرێتەوە دەرەوە''
 
ئەمریکا داوای راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران دەکات. عەباس عێراقچی دەڵێ، پیتاندنی یۆرانیۆم ''مافێکی رەوا''ـی ئێرانە و پێویستە بەردەوام بێ و ئاماژە بەوەش دەکات، ''سفر پیتاندن لە دەرەوەی چوارچێوەی گفتوگۆکاندایە و رێژەی پیتاندنیش بەستراوەتەوە بە پێداویستیی خۆمانەوە.''
 
عێراقچی ئەو دەنگۆیانەیشی رەتکردنەوە کە باس لە ئەگەری گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ وڵاتی سێیەم دەکەن و گوتی، هیچ نیازێکیان نییە کاری وەها بکەن و گوتی: ''یۆرانیۆمی پیتێنراو هەر لە ئێران دەمێنێتەوە.''
 
یەکێک لە داواکارییەکانی ئەمریکا لە بەرپرسانی تاران، سنووردارکردنی توانای مووشەکییە. وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "هیچ کات دانوستاندن لەسەر پیشەسازیی مووشەکی ناکرێ، چونکە پەیوەستە بە بەرگریی وڵاتەوە."
 
''لە ئەگەری دروستبوونی جەنگدا هێرش ناکەینە سەر وڵاتانی دراوسێ''
 
ئەو گەڕەی دانوستاندنی تاران و واشنتن لەکاتێکدا بەڕێوەچوو کە ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ناردووەتە ناوچەکە و دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەوە دەکات، ئەگەر رێککەوتن نەکرێ، ''شتی خراپ'' روودەدات.
 
عەباس عێراقچی گوتی، "هەموو کات ئەگەری جەنگ هەیە و ئێمەش بۆی ئامادەین. بەڵام لە هەمانکاتدا ئامادەین رێگری [لە دروستبوونی جەنگ] بکەین.''
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رەتی دەکاتەوە لە ئەگەری دروستبوونی جەنگ، هێرش بکەنە سەر وڵاتانی دراوسێیان کە بنکەی سەربازی و بەرژەوەندیی ئەمریکایان تێدایە و گوتی، ''بەڵام هێرش دەکەینە سەر بنکە ئەمریکییەکانی نێو ئەو وڵاتانە و جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئەو دووانەیشدا هەیە."
 
سەبارەت بە ئەنجامی دانوستاندنەکەی مەسقەت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گفتوگۆکان ''زۆر باش'' بوون و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆدەبنەوە.
 
عەباس عێراقچی لەوبارەوە گوتی، تاوەکو ئێستا کاتی بەڕێوەچوونی گەڕی داهاتووی دانوستاندنەکان دیاری نەکراوە، ''بەڵام ئێمە و واشنتن پێمانوایە کە پێویستە ئەو کۆبوونەوەیە بە زووترین کات بکرێت."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، دانوستاندنەکە ناڕاستەوخۆ بوو، ''بەڵام دەرفەتێک بۆ تەوقەکردن لەگەڵ شاندی ئەمریکی رەخسا.''
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە