رووداو دیجیتاڵ
لە ماڵی شانۆی (ئارکۆلا) لە باکووری لەندەن ئاواز و سترانی کوردی لەناو سەرمای زستانی ساڵی 2026دا، گەرموگوڕییەکی تایبەت دەبەخشنە میوانان. هۆکاری ئەم کۆبوونەوەیە، یەکەم نمایشکردنی شانۆگەریی "ناوچەی ئارام"ـە (Safe Haven).
ئەم شانۆگەرییە لە نووسینی رۆژنامەڤان و دیپلۆماتکاری پێشووی بەریتانی (کریس باوەرس)ـە. ئەو لە رێگەی ئەم تێکستەوە چیرۆکی خۆی و ئەو رووداوە مێژووییە دەگێڕێتەوە کە ژیانی ملیۆنان کوردی گۆڕی.
کریس باوەرس، نووسەر و دیپلۆماتکاری پێشوو بە رووداوی گوت: "ئیلهامی ئەم شانۆگەرییەم لەو کاتەوە بۆ هات کە سێر جۆن مەیجەر لە ساڵی 2011سەردانی کوردستانی کرد. ئەو کاتە من کۆنسووڵی گشتی بووم و بۆ چەند خولەکێک لەگەڵی دا دانیشتم، لێم پرسی: باشە چۆن توانیت کارێکی ئاوا ناوازە ئەنجام بدەیت؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی: 'دەزانیت، لە کۆتایی هەفتەدا سێ دیپلۆماتکار هاتنە لام و ئەم بیرۆکەیەیان پێشنیاز کرد، منیش پێم وابوو کە دەبێت ئەنجامی بدەین، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو دیپلۆماتکارانە وەزارەتی دەرەوەیان تێپەڕاندووە. منیش ئەوەم لە یاد ما، تاوەکو دواتر بە رێککەوت یەکێک لەو دیپلۆماتکارانەم لە ریزێکی کڕینی قاوەدا لە مەنامە بینی و زۆر قسەمان کرد؛ چیرۆکەکە لە مێشکمدا چەسپا. پاشان لە ساڵی 2021 و لە کاتی کەرەنتینەدا، یادی ''ناوچەی ئارام'' کرایەوە؛ ئەو کاتە درکم بەوە کرد ئەگەر کەسی دیکە نەبێت ئەم چیرۆکە بگێڕێتەوە، ئەوا پێویستە خۆم ئەوە بکەم."
خەبات بۆ پرسێکی رەوا و قوربانیدانی بەردەوام، شانبەشانی لۆبیکردنی رەوەندی کوردی، وایکرد بەریتانیا و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان بگەنە ئەو باوەڕەی کە پێویستە ناوچەیەکی ئارام بۆ کورد لە عێراقدا دروست بکەن.
دکتۆر دلاوەر عەلائەدین – چالاکڤان و نیشتەجێی بەریتانیا: "لەو رۆژانەدا، من یەکێک لە چالاکڤانەکان بووم؛ من بووم کە خاتوو تاتچەر و هەروەها قەشەی باڵای کانتەربەریم رازیکرد. هەردووکیان لە پێگەیەکی وادابوون کە بتوانن گوشار بخەنە سەر جۆن مەیجەر، کە ئەو کاتە سەرۆکوەزیران بوو، تاوەکو بڕیار لەسەر ئەو کارەساتە مرۆییە بدات و هاوکاری پێشکێش بکات. ئەوان پێکەوە جۆرج بوش، سەرۆکی ئەمریکایان رازیکرد کە بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات. بێگومان، ئەمریکاش هەمیشە لە پێگەیەکدا بووە کە سەرکردایەتیی کارەکان بکات."
مەزڵووم گوڵ، ئەکتەرێکی گەنجی باکووری کوردستانە و رۆڵی دکتۆر دلاوەر عەلائەدین لە ساڵانی نەوەدەکاندا دەگێڕێت. ئەو پێی وایە تەختەی شانۆ شوێنێکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و گەیاندنی راستییەکان.
مەزڵوم گوڵ دەڵێت: "ڕێگەی جیاواز هەن بۆ ئەوەی بچیتە دەرەوە و لەبەردەم هەموواندا ناڕەزایەتی دەرببڕیت، بەڵام ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر تەختەی شانۆش جۆرێکی دیکەی ناڕەزایەتییە. ئێمە بە بیستنی هەموو ئەم چیرۆکانە گەورە بووین، شانۆ ڕێگەیەکە بۆ بەرجەستەکردنی کارەکتەرەکان و هێنانەبەرچاویان لەبەردەمتدا. ئەوە خۆی جۆرێکە لە ناڕەزایەتی، کە بچیتە بەردەم 100، 200 یان 300 کەس و چیرۆکێک بگێڕیتەوە و بەرجەستەی بکەیت؛ بەمەش لە ڕووی هەست و سۆزەوە دەچیتە نێو ناخی خەڵکەوە. پێموایە ڕێگەی زۆر هەن بۆ ئەوەی بچیتە نێو دڵ و مێشکی خەڵکەوە، شانۆ یەکێکە لەوان، چیرۆکگێڕانەوەش یەکێکی دیکەیە؛ خۆمان هەموومان بە چیرۆک گەورە بووین."
شانۆگەریی (ناوچەی ئارام)، گێڕانەوەیەکی هونەریی و مێژووییە بۆ کۆچی ملیۆنیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش. ئەم بەرهەمە کە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری دەکات، دووبارە مێژوویەکی پڕ لە ئازار و ئومێد لە ناو جەرگەی لەندەنەوە دەژێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ