رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی بیسەمپ (Bithump) بۆ ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکان لە کۆریای باشوور، داوای لێبووردنی لە بەکارهێنەرانی کرد دوای ئەوەی بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە، 620 هەزار بیتکۆینی بە بەهای زیاتر لە 40 ملیار دۆلار بۆ هەژماری بەکارهێنەرانی گواستەوە، ئەمەش شڵەژانێکی گەورەی لە بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکاندا دروستکرد.
بەپێی میدیا خۆجێیەکان، بڕیار بوو وەک بەشێك لە هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەیی، سەکۆکە بڕی 2000 وۆنی کۆری (نزیكەی 1.37 دۆلار) وەك دیاری بۆ هەر بەکارهێنەرێک بنێرێت، بەڵام بە هەڵە لەبری پارەی کاش، نزیكەی 2000 بیتکۆینی بۆ هەر بەکارهێنەرێك گواستەوە. ئەم هەڵەیە 695 بەکارهێنەری گرتەوە.
کاردانەوە و گەڕاندنەوەی پارەکان
بەرپرسانی بیسەمپ رایانگەیاند، لە 35 خولەکدا هەستیان بە هەڵەکە کردووە و پڕۆسەی کێشانەوە و مامەڵەیان بو ئەو 695 هەژمارە راگرتووە. کۆمپانیاکە جەختی کردەوە توانیویانە 99.7٪ـی ئەو بیتکۆینانە بگەڕێننەوە کە بە هەڵە رەوانە کرابوون، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، سامانی تایبەتی کۆمپانیاکە بەکاردەهێنن بو داپۆشینی ئەو بڕە کەمەی کە ماوەتەوە.
ئەم رووداوە بووە هۆی ئەوەی نرخی بیتکۆین لە ناو سەکۆی بیسەمپدا 17٪ دابەزێت و بگاتە 81.1 ملیۆن وۆن، ئەوەش دوای ئەوەی هەندێک لە بەکارهێنەران بەپەلە دەستیان بە فرۆشتنی ئەو بیتکۆینانە کرد کە بۆ هەژمارەکانیان چووبوو.
بیسەمپ لە راگەیێندراوێکی جیادا بەڵێنی دا قەرەبووی ئەو بەکارهێنەرانە بکاتەوە کە بەهۆی دابەزینی نرخەکەوە لە کاتی رووداوەکەدا زیانیان بەرکەوتووە، بە جۆرێک جیاوازیی نرخەکەیان بۆ دابین دەکات لەگەڵ 10٪ پاداشتی زیادە. کۆی زیانەکانی کۆمپانیاکە بەهۆی ئەم هەڵەیەوە بە نزیكەی 1 ملیار وۆنی کۆری دەخەمڵێندرێت، واتە 683 هەزار و 153 دۆلاری ئەمریکی.
کۆمپانیاکە دڵنیایی دا، ئەم رووداوە هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشی ئەلیکترۆنی یان دزەپێکردنی زانیارییە ئەمنییەکانەوە نەبووە و تەنیا هەڵەیەکی ناوخۆیی بووە لە کاتی دابەشکردنی دیارییەکاندا.
دراوی بیتکۆین لەم هەفتەیەدا بە گشتی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش بەشێکی زۆری ئەو دەستکەوتانەی لەدەستدا کە دوای سەرکەوتنی دوناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی 2024 بەدەستی هێنابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ