رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دادى ئەمریکا رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممە 10-02-2026ـەوە، رێگە بە ئەندامانی کۆنگرێس دەدات دەستیان بە وێنەیەکی بێسانسۆری فایلە نهێنییەکانی جێفری ئێپستین، تۆمەتباری بازرگانی سێکس بگات.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت گوشارێکی زۆر لەسەر وەزارەتی داد هەبوو بۆ بڵاوکردنەوەی هەموو وردەکارییەکان بەبێ داپۆشینی زانیارییەکان.
لە هەمان کاتدا، بڕیارە رۆژی دووشەممە گیسلەین ماکسوێڵ، هاوبەشی پێشووی ئێپستین، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە زیندانی ویلایەتی تێکساسەوە لەبەردەم لیژنەی چاودێریی کۆنگرێس ئامادە بێت؛ هەرچەندە پارێزەرەکەی ئاماژەی بەوە کردووە کە ماکسوێڵ مافی دەستووریی خۆی بەکاردەهێنێت و وەڵامی پرسیارەکان ناداتەوە.
رێکارەکان بۆ بینینی ئەم فایلانە یەکجار تووندن؛ تەنیا ئەندامانی کۆنگرێس دەتوانن بچنە نێو ژووری خوێندنەوەی وەزارەتی داد و رێگەیان پێنادرێت هیچ ئامێرێکی ئەلیکترۆنی یان کارمەندەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەن.
یاسادانەران دەتوانن تەنیا بە دەست تێبینی بنووسنەوە، بەڵام بۆیان نییە هیچ بەڵگەنامەیەک ببەنە دەرەوە. فایلەکان زیاتر لە 3 ملیۆن لاپەڕە، 2,000 گرتەی ڤیدیۆ و 18,000 وێنە لەخۆدەگرن.
لە فایلەکاندا ناوی چەندین کەسایەتیی وەک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیلۆن مەسک و هاوارد لوتنیک هاتووە، بەڵام بەرپرسان جەختیان کردووەتەوە کە هەبوونی ناو لەو فایلانەدا بە واتای ئەنجامدانی تاوان نایەت.
بڵاوبوونەوەی ئەم فایلانە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی پارێزەرێکی باڵا و بەرپرسێکی هونەری لە ئەمریکا، هەروەها چەند بەرپرسێکى دیکە لە بەریتانیا و وڵاتانى دیکەى ئەورووپا.
بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا هەریەکە لە بیڵ کلینتن لە رۆژی 27ـی شوبات و هیلاری کلینتن لە 26ـی شوبات لەبەردەم کۆنگرێس ئامادە بن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان لەبارەی پەیوەندییان بە ئیپستاینەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پام بۆندی، داواکاری گشتیی ئەمریکاش بڕیارە لەبەردەم لێژنەی دادوەریی کۆنگرێس ئامادە بێت.
مێژووی ئەم دۆسیەیە بۆ ساڵی 2005 دەگەڕێتەوە، کاتێک بۆ یەکەمجار پۆلیسی فلۆریدا لێکۆڵینەوەی لە رەفتارە سێکسییە نایاساییەکانی ئیپستاین لەگەڵ کچانی هەرزەکار دەستپێکرد.
ئیپستین لە ساڵی 2019دا، لە کاتێکدا لە زیندانی نیویۆرک چاوەڕێی دادگاییکردن بوو، بە شێوەیەکی تەمومژاوی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بڵاوبوونەوەی فایلە ملیۆنییەکان لە ساڵی 2026 وەک گەورەترین هەوڵ بۆ شەفافیەت و دادپەروەری بۆ قوربانییەکان دەبینرێت، کە تێیدا پەردە لەسەر تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندییەکان لادەدات کە بۆ چەندین دەیە نوخبەی سیاسی و ئابووریی جیهانی پاراستبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ