رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو رۆژی چوارشەممە (11-02-2026) لە واشنتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە، ئەوەش بە مەبەستی "تاوتوێکردنی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران."
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی نەتەنیاهوو کە رۆژی شەممە 07-02-2026 بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە، هەر جۆرە دانوستاندنێك لەگەڵ تاران دەبێت "سنووردارکردنی مووشەکە بالیستییەکان و راگرتنی پشتگیریکردنی میلیشیاکانی سەر بە میحوەرەکانی ئێران" لە ناوچەکەدا لەخۆ بگرێت.
نووسینگەکە رایگەیاند: "ئیسرائیل دەیەوێت دڵنیابێت کە هەر رێککەوتنێکی داهاتوو تەنیا دۆسیەی ئەتۆمی ناگرێتەوە، بەڵکو هەڕەشە ئەمنییەکانی دیکەی ئێرانیش بۆ سەر ناوچەکە چارەسەر دەکات."
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە رۆژی هەینی (06-02-2026) یەکەم گەڕی دانوستاندنە ناراستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو. دۆناڵد ترەمپیش دواتر ئاشکرای کرد کە گفتوگۆکان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەستپێدەکەنەوە.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ و جارید کوشنەری راوێژکاری، سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکایان دەکرد. شاندی ئێرانیش لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەوە سەرۆکایەتی دەکرا.
بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە پەیامێکدا لەبارەی بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکان گوتی: "گفتوگۆی زۆر جیدی بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ لە مەسقەت بەڕێوەچوو. ئەم دانوستاندنە سوودبەخش بوو بۆ روونکردنەوەی دیدگەی هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریکی و دەستنیشانکردنی ئەو بوارانەی ئەگەری بەرەوپێشچوونیان تێدایە."
بوسەعیدی ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجیانە لە کاتێکی گونجاودا دووبارە کۆببنەوە تاوەکو ئەنجامەکان لە تاران و واشنتن بە وردی تاوتوێ بکرێن.
دانوستاندنەکان لە کاژێر 10ـی بەیانی تاوەکو 6ـی ئێوارە بەردەوام بوون و بە شێوەیەکی "ناراستەوخۆ" بەڕێوەچوون. ئەمەش بەو واتایەی کە شاندەکانی هەردوو وڵات لە نێو یەک باڵەخانەدا بوون، بەڵام لایەنی عومانی وەک نێوەندگیر پەیامەکانی دەگواستەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ